2011-08-19

له‌رێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ فۆرمی‌ وه‌رگرتن پڕده‌كه‌نه‌وه‌






 لە دەستپێشخەرییەکی تری گرنگدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان، پرۆژەی زانکۆلاین-ی راگه‌یاند بۆ وه‌رگرتنی قوتابیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه.


به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ سایتی‌ فه‌رمی وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستیدا هاتووه‌: لەم ساڵەوە دەرچووانی ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە و لە ڕێگای ئەنتەرنێت و بە شێوازی ئۆنلاین فۆرمی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم پڕبکەنەوە، سیستمەکەش بەشێوازێک ئامادە کراوە کە قوتابیان و خوێندکاران بتوانن زۆر بە ئاسانی بەکاری بهیَنن.
ئەم پرۆژەیە لەگەڵ ئەوەی کاری پێشکەشکاران ئاسانتر دەکات، لە هەمان کاتدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ تەواوی دەرچووانی ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان.
بە مەبەستی کارئاسانی ڕاهیَنان و تێگەیشتنی زیاتر لە سیستەمەکە، وه‌زاره‌ت داوا له‌ خوێندكاران ده‌كات، كه‌ دەرچووانی خولی یەکەمی ئامادەیی لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٠-٢٠١١ لە ماوەی نێوان ١٨-٣٠/٨/ ٢٠١١ فۆرمی پێشکەشکردنی ئەلکترۆنی تاقی بکەنەوە. بۆ دەستپێکردن پێویستە سەرەتا قوتابیان و خوێندکاران لەڕێگای ماڵپەڕی سەرەکی زانکۆلاین (http://csb.mhe-krg.org) -ەوە ناویان تۆمار بکەن و دواتر بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لەنێو فۆرمە ئەلکترۆنییەکەدا هاتووە زانیارییەکانیان داخڵی سیستەمەکە بکەن.
وه‌ك له‌ رێنماییه‌كانیشدا هاتووه‌: مەرج نییە خوێندكار بە یەکجار تەواوی فۆرمەکە پڕبکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت بە چاند جارێک ئەو کارە ئەنجام بدات، هەر لاپەرەیەکی فۆرمە ئەلکترۆنیەکە پڕ بکەیتەوە دەتوانیت بیپارێزیت (واته‌ سەیڤی بکه‌یت) و دواتر بگەڕێتەوە بۆ تەواوکردنی، هەموو جارێک کە دەگەڕێیتەوە سەر فۆرمەکە دەتوانیت ئەو زانیاریانەی پێشتر داخڵت کردوون بیانگۆڕیت یان زانیاری زیاتر داخڵ بکەیت و سەیڤی بکەیت، بەڵام هەرکاتێک فۆرمەکەت تەواو پڕکردەوەو ناردت ئیتر ناتوانیت زانیارییەکان بگۆریت.
وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌، کە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بەشێوەیەکی فەرمی لە دوای جه‌ژن له‌ ٤ ی ئه‌یلولی ٢٠١١ دەستپێدەکات، پێوێستە پێشکەشکاران دووبارە فۆرمە ئەلکترۆنییەکە پڕبکەنەوە، وه‌ دوا مۆڵەتیش بۆ پێشکەشکردنی داواکاری له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌مه‌ (٥/١٠/٢٠١١) .

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق