2011-09-07

ماڵپه‌ره‌كانی‌ ئینته‌رنێت و هزری‌ جیهانگیریی‌

گومانی‌ تێدا نییه‌ كه‌ تۆڕه‌كانی‌ ئینته‌رنێت و ماڵپه‌ره‌كانی‌ ڕۆڵێكی‌ گه‌وره‌ و به‌رچاو ده‌بینن له‌ نزیككردنه‌وه‌ و به‌یه‌كگه‌یاندنی‌ جومگه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا و پیاده‌كردنی‌ هزری‌ جیهانگیریی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا.
له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ماڵپه‌ره‌كانی‌ فه‌یسبووك (Facebook) و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هاوشێوه‌ی‌ وه‌ك تویته‌ر (Twitter) و مای‌ سپه‌یس (Myspace) و یوتیوب (YouTube) ڕۆڵێكی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌بینن له‌ به‌رفراوانكردنی‌ بازنه‌ی‌ (هاوڕێیه‌تی‌)دا و له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ ڕۆڵێكی‌ گرنگ له‌ به‌دیهێنانی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ڕۆشنبیری‌ و كلتووری‌ و چه‌مكی‌ تێگه‌یشتن له‌نێوان گه‌لاندا، به‌ڵام فه‌یسبووك له‌نێو ئه‌و تۆڕانه‌دا به‌ به‌ربڵاوترین و جه‌ماوه‌ریترینیان داده‌نرێت و ماوه‌ی‌ به‌كارهێنانیشی‌ به‌ 700 بلیۆن خوله‌ك مه‌زنده‌ ده‌كرێت له‌ مانگێكدا كه‌ بریتیه‌ له‌ ئاڵوگۆڕكردنی‌ هه‌واڵ و بیروڕا و هه‌ست و سۆز و نهێنی‌ و وێنه‌ی‌ كه‌سی‌ و زۆر بواری‌ دیكه‌، به‌ڵام لێره‌دا ترسێكی‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر هه‌یه‌ له‌مه‌ڕ سنووربه‌زاندن ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی‌ زیاده‌ڕۆیی‌ له‌ ده‌رخستنی‌ نهێنییه‌ كه‌سییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌ هاوسۆزه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌ما باوه‌كانی‌ زۆربه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكان یه‌كانگیر نابێته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی‌ كه‌ ده‌ڵێن پێودانگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئه‌خلاقییه‌كان له‌گه‌ڵ گۆڕانی‌ زه‌مه‌ن و سه‌رده‌مدا ده‌گۆڕێن. له‌م ماڵپه‌ره‌دا گه‌لێك زیاده‌رۆیی‌ (مبالغه‌) ده‌بینرێت له‌مه‌ڕ خستنه‌رووی‌ نهێنییه‌كانی‌ ژیانی‌ هه‌ندێك كه‌س شانبه‌شانی‌ ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ نادروستانه‌ی‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌سه‌ر خۆیان بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ڕاده‌ی‌ خۆده‌رخستن و خۆپێوه‌هه‌ڵكێشان له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكانی‌ دیكه‌دا به‌بیانووی‌ گوزارشتكردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كه‌سیی‌ و به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ ئاكاره‌ كۆنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام به‌ده‌ر له‌م مه‌ترسیانه‌، به‌لای‌ هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ وه‌ك به‌سته‌ر و لینكێك ده‌بینرێن كه‌ جیهان وا لێده‌كه‌ن ببێته‌ شوێنێكی‌ شیاو و له‌بار بۆ ژیانێكی‌ ته‌ندروست بۆ ته‌واوی‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی‌ مرۆڤایه‌تی‌، خه‌ڵكیش له‌ سروشتی‌ خۆیاندا ئه‌و مه‌یله‌یان تێدایه‌ كه‌ هاوسۆزی‌ و په‌یوه‌ندی‌ بگرن ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌سانی‌ نائاشنا و نامۆ به‌خۆیان. دیاره‌ دڵنیایی‌ شاردنه‌وه‌ و ده‌رنه‌خستنی‌ نهێنی‌ كه‌سه‌كان و پێناسه‌ی‌ به‌شداربووان، ئه‌م هاوسۆزی‌ و په‌یوه‌ندییه‌ درێژه‌ پێ‌ ده‌دات و ده‌بێته‌ یاریده‌ده‌رێكی‌ كارا له‌پێناو بوژانه‌وه‌ و كرانه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ كێشه‌كانی‌ یه‌كدی‌. ئه‌م تیۆره‌ش ئایدیاڵی‌ نییه‌. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ له‌ ساڵی‌ 2003وه‌، فه‌یسبووك ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماندووه‌ كه‌ وه‌ك هۆكارێكی‌ كاریگه‌ر له‌ پیاده‌كردن و سازاندنی‌ ڕای‌ گشتیدا له‌مه‌ودایه‌كی‌ به‌رفراواندا ڕۆڵی‌ خۆی‌ بینیووه‌ له‌ زۆر له‌ بواره‌كانی‌ ژیاندا و له‌ چه‌ندان بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ی‌ گرنگ و هه‌سته‌وه‌ردا ئاماده‌بوونی‌ خۆی‌ هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ به‌شداربووان تیایدا پتر له‌ حه‌فتا زمانی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ به‌ربڵاو له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا به‌كارده‌به‌ن له‌ ئیمپراتۆریه‌تیه‌كدا كه‌ به‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ فه‌یسبووك ناسراوه‌.


ئا: محمد دوكانى
س: خه ندان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق