2011-06-17

مێژووی ویندۆز له‌ ڤێرژنی (1.0)ه‌وه‌ بۆ 7



هه‌رچه‌نده‌ زۆرترین سیستم كه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ بووه‌ته‌وه‌ به‌ درێژایی ده‌رچوونی هه‌موو ڤێرژنه‌كانیه‌وه‌ سیستمی ویندۆز بووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ سیستمی ویندۆز به‌ سه‌ركه‌وتووترین سیستم داده‌نرێت بۆ كارپێكردنی كۆمپیوته‌ری كه‌سی، به‌ ملیۆنه‌ها كۆمپیوته‌ر كه‌ كار به‌م سیستمه‌ ده‌كه‌ن شاهیدن له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ئه‌م سیستمه‌.

زۆربه‌مان ده‌زانین ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای سیستمی ویندۆز كه‌وا ڤێرژنی 3.1 بوو له‌ ساڵی 1992 ده‌رچوو، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی ئه‌و كات كه‌وا سه‌ره‌تای سیستمی ویندۆز پێش ئه‌وكاته‌ بووه‌ به‌ نۆ ساڵ، له‌ مانگی سێبته‌مبه‌ری ساڵی 1981 كۆمپانیای مایكرۆسۆفت هه‌ڵسا به‌ په‌ره‌پێدانی سیستمی (interface manager) به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی ڕووكاری كاری وێنه‌یی، ئه‌میش به‌ پێشكه‌شكردنی ڕێگایه‌كی نوێ و ساده‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئامێری كۆمپیوته‌ر، ئه‌وكاته‌ به‌سه‌ر ده‌رچوونی ڤێرژنی یه‌كه‌می سیستمی ms-dos ته‌نها سیانزه‌ مانگی تێپه‌ڕ كردبوو، ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه‌ به‌رده‌وام بوو بۆ ماوه‌ی بیست و پێنج مانگ له‌ ژێر كێبڕكێیه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ سیستمی تر، كه‌ له‌و كاته‌دا ده‌رچووبوون وه‌كو Xerox ، nvsion ،apple lisa، تا كۆمپانیای مایكرۆسۆفت په‌رده‌ی لادا به‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی سیستمێكی نوێ له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1983 و له‌و كاته‌دا به‌ windows 1.0 ناسرا.

Windows 1.0
ئه‌گه‌رچی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت هه‌ڵسا به‌ بانگه‌شه‌كردنی ڤێرژنی یه‌كه‌می ویندۆز له‌ تشرینی یه‌كه‌می 1983، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی بڵاونه‌بووه‌وه‌ له‌ بازاڕدا تا پاش دوو ساڵ له‌ ده‌رچوونی، واته‌ ساڵی 1985 ، windows 1.0 هات به‌ ڕووكارێكی وێنه‌یی، چه‌ندین به‌رنامه‌ و ئامێری له‌خۆگرتبوو، گرنگترینیان به‌رنامه‌ی ms-dos executive ، بۆ ئیداره‌كردنی مه‌له‌فه‌كان، كردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كان و فۆڵده‌ره‌كان به‌ دوو كلیكی ماوس، به‌ڵام كرداره‌كانی تری وه‌كو كۆپیكردن و گواستنه‌وه‌ و ڕه‌شكردنه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دران له‌ ڕێی لیسته‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها بوونی به‌رنامه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان Terminal و به‌رنامه‌ی كارگێڕی زانیارییه‌كانی كه‌سی calendar و ده‌فته‌ری ناونیشان file card، هه‌روه‌ها بوونی (control panel)ێكی ساده‌ و ئاسان، ئه‌نجامدانی كرداری گه‌وره‌كردن maximize و بچووككردن minimize، گۆڕینی قه‌باره‌ (size)ی په‌نجه‌ره‌كان، ده‌ركه‌وتنی شێوه‌ی نیشانه‌كان (Icons) بۆ یه‌كه‌م جار.

Windows 2.0
له‌ مانگی نیسانی ساڵی 1987 مایكرۆسۆفت ڤێرژنی windows 2.0 ده‌ركرد، كه‌ هات به‌هه‌مان به‌رنامه‌ و ئامێركاری شێوه‌ی پێشوو له‌گه‌ڵ هه‌ندێ گۆڕانكاری له‌ ڕووكاری كاریدا، دیارترینیان توانای گواستنه‌وه‌ی نیشانه‌كان و په‌نجه‌ره‌كان له‌سه‌ر ڕووكاری شاشه‌دا، له‌ كۆتایی 1987 ڤێرژنێكی تری windows 2.0 ده‌رچوو، به‌ڵام به‌ ناوێكی نوێیه‌وه‌ windows/386، تێیدا توانای كارپێكردنی زیاد له‌به‌رنامه‌یه‌ك له‌ به‌رنامه‌كانی dos زیادكرا له‌ میمۆری پاشكۆی (Extended memory)، له‌ ڤێرژنی windows 2.0 بۆ یه‌كه‌مین جار گرنگی سیستمی ویندۆز به‌ دیاركه‌وت وه‌كو ژینگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ به‌كارهێنانه‌كانی تر، هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌رنامه‌ی تایبه‌ت دانرا بۆ كاركردن له‌ ڕێگای ویندۆزه‌وه‌، بۆ نموونه‌ به‌رنامه‌ی word ،Excel ،corel draw ،page maker ، micrografx designer.

Windows 3.0
له‌ مانگی ئایاری ساڵی 1990 ویندۆزی windows 3.0 كه‌وته‌ بازاڕه‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ چه‌ندین چاكسازی، دیارترینیان پاڵپشتیكردنی شاشه‌كانی VGA بۆ یه‌كه‌مین جار، چه‌ندین گۆڕانكاری گه‌وره‌ی تێدا ئه‌نجام درا، گرنگترینیان ده‌ركه‌وتنی دوگمه‌كان و هه‌ندێ نیشانه‌ی تره‌ به‌شێوه‌ی كاركردنی سێ دووری (3D)، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی ms-dos excutive گۆڕدرایه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ی program manager  و file manager، هه‌روه‌ها دیاركه‌وتنی ئایكۆنه‌كان (icons) به‌شێوه‌یه‌كی ڕوونتر، وه‌كو شێوه‌كانی ئایكۆن له‌ سیستمی ماكنتۆش، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌م ڤێرژنه‌دا تایبه‌تمه‌ندی گرتن و به‌ردان ( drag & drop) زیادكرا بۆ زۆر له‌ كاره‌كان، بۆ نموونه‌ توانرا كاری كۆپی و گواستنه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی (drag & drop) له‌ناو به‌رنامه‌ی file manager و چه‌ندین كاری ڕووكه‌شی ئه‌نجام درا له‌ نێو control panel  كه‌وا چه‌ندین ئامێری نوێی گرته‌وه‌ وه‌كو توانای دانانی وێنه‌ بۆ سه‌ر ڕووكاری شاشه‌ و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ڕه‌نگه‌كانی په‌نجه‌ره‌كان، له‌م ڤێرژنه‌دا به‌رنامه‌ی Task manager زیادكرا، كه‌ له‌ڕێیه‌وه‌ ده‌توانرێت گواستنه‌وه‌ی خێرا ئه‌نجام بدرێ له‌نێوان كرداره‌كان و په‌نجه‌ره‌ كراوه‌كان.
هه‌روه‌ها گۆڕینی به‌رنامه‌ی paint كه‌ هه‌بوو له‌ هه‌ردوو ڤێرژنه‌كانی 1.0 و 2.0 بۆ به‌رنامه‌ی paint brush، كه‌ چه‌ندین توانای بۆ زیادكرا، گرنگترینیان خه‌زنكردنی وێنه‌ به‌شێوه‌ی BMP و PCX، گرنگترین زیادكاری كه‌ ڕوویدا له‌م ڤێرژنه‌ دانانی سیستمی ڕێنماییه‌كان help بوو، كه‌ پشتی ده‌به‌ست به‌ ته‌كنۆلۆژیای hypertext، بۆ زانیاری یاری spider solitaire بۆ یه‌كه‌مین جار له‌م ڤێرژنه‌وه‌ ده‌رچوو.

Windows 3.1
له‌ مانگی نیسانی ساڵی 1993 كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ویندۆی windows 3.1 بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی زۆر گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینی، كه‌ ته‌نها به‌ تێپه‌ڕبوونی شه‌ش هه‌فته‌ به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ نێو بازاڕدا نزیكه‌ی سێ ملیۆن ڤێرژنی لێ فرۆشرا، ئه‌م ڤێرژنه‌ گۆڕانكاریه‌كی ڕووكه‌شی وای تیانه‌كرابوو له‌گه‌ڵ ڤێرژنی پێش خۆیدا، ته‌نها له‌ سنوورێكی به‌رته‌سكدا نه‌بێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی ویندۆز ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ك شێوه‌ی سه‌ره‌كی read mode كارناكات، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئامێری 286 و به‌رزتر، چه‌ندین به‌رنامه‌ی نوێ زیادكرا بۆ program manager به‌ نێوی startup، كه‌ به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێ چه‌ندین به‌رنامه‌ بخاته‌ نێو ئه‌م فۆڵده‌ره‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی كارپێكردنی سیستمی ویندۆز ئه‌وانیش بكه‌ونه‌ كار، كۆمپانیای مایكرۆسۆفت دووباره‌ پاڵپشتییه‌كی دروستكرد بۆ كارته‌كانی ده‌نگ، له‌م ڤێرژنه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار screen saver دانرا له‌ناو ویندۆز، هه‌روه‌ها زیادكردنی توانای دانان و لابردنی پێكهاته‌كانی ویندۆز، پاڵپشتیكردنی فۆنته‌كانی true type، له‌گه‌ڵ ئه‌م ڤێرژنه‌دا ویندۆز بووه‌ ژینگه‌یه‌كی دروست بۆ كرداره‌كان، هاوكات به‌هه‌زاران به‌رنامه‌ گه‌شه‌ی پێكرا به‌تایبه‌تی بۆ كارپێكردنی له‌ ڕێی ئه‌م ویندۆزه‌.

Windows NT 3.1
له‌ مانگی ئابی ساڵی 1993 مایكرۆسۆفت بانگه‌شه‌ی ده‌رچوونی ڤێرژنێكی نوێی ویندۆزی كرد به‌ نێوی windows NT 3.1 كه‌ له‌ ڕووكاردا هه‌مان ڕووكاری ڤێرژنی پێش خۆی هه‌بوو، به‌ڵام به‌بێ پێویست بوونی سیستمی DOS، وه‌كو چۆن له‌ یه‌كه‌م ڤێرژندا ویندۆز گه‌شه‌ی پێكرا له‌سه‌ر سیستمی 32 بیت.
 له‌ دواییدا توانرا كار به‌كرداره‌كانی 32 بیت بكات به‌ توانایه‌كی به‌رزتر، ئامانج له‌ ده‌رچوونی ئه‌م ڤێرژنه‌ پێشكه‌شكردنی سیستمێكی به‌هێز بوو بۆ به‌كارهێنه‌ران له‌ كۆمپانیاكان و داموده‌زگاكان، كه‌ ئامێره‌كانیان په‌یوه‌ستن به‌ تۆڕی نێوخۆیی LAN، هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی داتا و پرینته‌ر و ئیداره‌كردنی به‌كارهێنه‌ران له‌ناو تۆڕدا.

Windows 3.11 for workgroups
له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی 1993 مایكرۆسۆفت بانگه‌شه‌ی ده‌رچوونی ڤێرژنێكی نوێی ویندۆزی كرد به‌ نێوی windows 3.11 for workgroups، كه‌ پاڵپشتیه‌كی ته‌واوی ده‌كرد له‌ كارپێكردنی ئامێری كۆمپیوته‌ر له‌ نێو تۆڕی نێوخۆیی LAN، له‌گه‌ڵ زیادبوونی گرنگیدان به‌ تۆڕی ناوخۆیی له‌نێو كۆمپانیاكان و داموده‌زگاكان.

Windows 95
له‌ ئابی 1995 مایكرۆسۆفت ڤێرژنی windows 95ی ڕاگه‌یاند، له‌ نێو پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێشدا، كه‌ هیچ به‌رهه‌مێك له‌ مێژوودا ئه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیبوو، windows 95 داده‌نرێت به‌خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ مێژووی ڤێرژنه‌كانی ویندۆز، ئه‌مه‌ش به‌ڕووكارێكی نوێ و جیاوازه‌وه‌ هات، به‌رنامه‌ی program manager گۆڕدرا به‌ به‌رنامه‌ی windows explorer، هه‌موو شێوه‌كانی چوارگۆشه‌ی گفتوگۆ و پێكهاته‌كانی تری ویندۆز شێوه‌یه‌كی سێ دووریان وه‌رگرت (3D)، هه‌روه‌ها دوگمه‌ی close كه‌ نیشانه‌ی (X) هه‌یه‌ زیادكرا بۆ هه‌موو په‌نجه‌ره‌كان و چوارگۆشه‌كانی گفتوگۆ، ڕووكاری شاشه‌ نه‌مایه‌وه‌ ته‌نها بۆ پیشاندانی ڕه‌مزی په‌نجه‌ره‌كان و كورتكراوه‌ی به‌رنامه‌كان، به‌ڵكو توانرا فایل و فۆڵده‌ره‌كانیش پیشان بدرێن له‌سه‌ر ڕووكاری شاشه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئایكۆنی تایبه‌ت وه‌كو my computer كه‌ ده‌رگایه‌كه‌ بۆ چوونه‌ نێو ناوه‌ڕۆكی ئامێری كۆمپیوته‌ر، network neighborhood بۆ پیشاندانی كه‌ره‌سته‌كانی تۆڕی نێوخۆیی، recycle bin بۆ بینینی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ڕه‌ش كراونه‌ته‌وه‌، ده‌توانین لێره‌وه‌ش لایان به‌رین به‌ته‌واوی له‌سه‌ر هارددیسك، هه‌روه‌ها ویندوز 95 خۆی و به‌رنامه‌ی Microsoft exchange هات، كه‌ ئه‌میش به‌رنامه‌یه‌كه‌ بۆ نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی و ناردنی نامه‌ی فاكس، بۆ یه‌كه‌مین جار كۆمپانیای مایكرۆسۆفت براوسه‌ری ئینته‌رنێتی internet explorer خسته‌ نێو سیستمی كارپێكردنی ویندۆز، به‌رنامه‌ی داواكردنی ته‌له‌فۆن كه‌ پاڵپشتی پرۆتۆكۆڵی TCP/IP ده‌كات له‌ ڕێگای پرۆتۆكۆڵی PPP، له‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ تۆڕی ئینته‌رنێت پێویستی به‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌كی تر ناكات، بۆ یه‌كه‌مین جاریش لیستی start به‌دیاركه‌وت، وه‌كو شوێنێكی سه‌ره‌كی و ڕێگایه‌كی خێرا بۆ گه‌یشتن به‌ به‌رنامه‌ دابه‌زێنراوه‌كان له‌ناو ئامێره‌كه‌دا، هه‌روه‌ها لیستی Task bar به‌دیاركه‌وت بۆ گواستنه‌وه‌ له‌نێو به‌رنامه‌كان و په‌نجه‌ره‌كان.

Windows NT 4.0
پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ده‌رچوونی windows 95، له‌ ئابی 1996 كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بانگه‌شه‌ی ده‌رچوونی windows NT 4.0ی كرد، كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی ڕووكاری ویندۆزی 95 هات، له‌گه‌ڵ هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌ت به‌ سیستمی windows NT، له‌ واقیعدا windows NT4.0 هیچ شتێكی نوێی پێشكه‌ش نه‌كرد به‌ئاشكرا، به‌ڵكو ته‌نها بریتیبوو له‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كی نێوان windows95 و windows NT 3.5 ، بۆ نموونه‌ control panel هه‌موو شته‌كانی وه‌ك windows 95 بوو.
له‌گه‌ڵ زیادبوونی هه‌ندێ ئامێری تر وه‌كو services ، Devices، كه‌ ئه‌مانیش ئامێری تایبه‌تن به‌ سیستمی windows NT، هه‌روه‌ها زیادبوونی به‌ندی Administrative Tools له‌ نێو لیستی start، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ندین به‌رنامه‌ی تایبه‌ت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تۆڕه‌كان.

Windows 98
له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 1998 مایكرۆسۆفت هه‌ڵسا به‌ده‌ركردنی windows98، له‌م ڤێرژنه‌دا په‌یوه‌ندكردنی هه‌ردوو به‌رنامه‌ی windows explorer و internet explorer كرد، له‌گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ویندۆزی 98 بریتیبوو له‌ تایبه‌تمه‌ندی Active desktop، كه‌ ڕێگه‌ی ئه‌دا به‌ پیشاندانی لاپه‌ڕه‌كانی وێب له‌سه‌ر ڕووكاری شاشه‌، هه‌روه‌ها مایكرۆسۆفت له‌م ڤێرژنه‌دا سیستمێكی نوێی ده‌ركرد بۆ ڕێنماییه‌كان Help كه‌ ناسراوه‌ به‌ Hyper Help كه‌ فایلی ڕێنمایییه‌كانی گۆڕی بۆ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی لاپه‌ڕه‌كانی ئینته‌رنێت، ویندۆز 98 هات خۆی و ڤێرژنێكی نوێی به‌رنامه‌ی براوسه‌ری ئینته‌رنێت ( internet explorer 4.0 ) كه‌ پاڵپشتیه‌كی ته‌واوی زمانی Html 4.0 ده‌كات، هه‌روه‌ها سیستمێكی نوێی فایلی داهێنا (FAT 32)، كه‌ ڕێگا ده‌دات به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیسكی ڕه‌قی قه‌باره‌ به‌رز (زیاتر له‌ 2 گێگا بایت )، هه‌روه‌ها ئه‌م ڤێرژنه‌ی ویندۆز پاڵپشتیه‌كی ته‌واوی كرد له‌گه‌ڵ ئه‌و پارچه‌ ته‌كنۆلۆژیایه‌ی ئه‌و كات وه‌كو ئامێره‌كانی DVD و ده‌رچه‌كانی USB و كارته‌كانی AGP.

Windows 2000
Windows2000 له‌ مانگی شوباتی ساڵی 2000دا ده‌رچوو، وه‌كو ته‌واوكارییه‌ك بۆ سیستمی سه‌ركه‌وتووی windowsNT ده‌ركه‌وت و خۆی و ڕووكارێكی نوێ و پێشكه‌وتوو به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌م ڤێرژنه‌دا وه‌كو ویندۆز 98 هه‌ماهه‌نگیه‌كی ته‌واو جێبه‌جێكرا له‌نێوان سیستمه‌كه‌ و تۆڕی ئینته‌رنێت، بۆ یه‌كه‌مین جار Device manager زیادكرا، بۆ ئاسانكردنی كرداری زیادكردنی كارته‌كان و پارچه‌ نوێیه‌كانی كۆمپیوته‌ر.
هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی computer management زیاد كرا، كه‌ هه‌ڵده‌سێت به‌ دابینكردنی یه‌كه‌یه‌كی ڕێكخستن له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سیستم، هه‌روه‌ها له‌م ڤێرژنه‌دا چه‌ندان به‌رنامه‌ دانرا بۆ هه‌ڵسوڕاندنی تۆڕی ناوخۆیی، هه‌روه‌ها ئاسانكاریه‌كی زۆری تێدا ئه‌نجام درا بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ ئاڵۆزانه‌ی كه‌ له‌ سیستمی windows NT هه‌بوون.

Windows Me
له‌ ئه‌یلولی ساڵی 2000 كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بانگه‌شه‌ی ده‌رچوونی سیستمێكی نوێی ویندۆز كرد به‌ نێوی windows Me یاخود windows Millenuem ، له‌واقیعدا ویندۆز ME بریتییه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی ویندۆز 98، هه‌ندێ گۆڕانكاری تیاداكرا له‌ ڕووكاری كار و هه‌ندێ به‌رنامه‌ و ئامێری نوێ، ده‌ركه‌وتنی فۆڵده‌ری my document له‌سه‌رووی ڕووكاری شاشه‌وه‌ واته‌ له‌سه‌رووی فۆڵده‌ریmy computer و له‌نێو فۆڵده‌ری my document چه‌ند فۆڵده‌رێكی تایبه‌ت دانرا، له‌ نێوانیاندا فۆڵده‌ری my picture كه‌ ده‌توانێت ناوه‌ڕۆكی وێنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی بچووككراوه‌ پیشان بدات، هه‌روه‌ها له‌م ڤێرژنه‌دا چاره‌سه‌رێكی ته‌واو دانرا بۆ دانانی تۆڕی نێوخۆیی له‌ ماڵاندا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی internet explorer 5.5، به‌رنامه‌ی بینینی فایلی ده‌نگ و ڕه‌نگ windows media player7 و به‌رنامه‌ی movie maker بۆ مۆنتاژكردن و ده‌ستكاریكردنی فایله‌كانی ڤیدیۆ.

Windows xp
له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2001دا كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ڤێرژنی windows xp ده‌ركرد، كه‌ به‌گرنگترین ڤێرژن داده‌نرێت هه‌ر له‌ ویندۆز 95ه‌وه‌ تا ئه‌و كات، له‌م ڤێرژنه‌دا چه‌ندین گۆڕانكاری و چاكسازی تێدا كرا، به‌شێوه‌ی ستراتیژیه‌تێكی نوێ و ڕووكارێكی نوێ خۆی پیشان دا، لیستی start شێوه‌یه‌كی ته‌واو نوێی وه‌رگرت، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌دوو ستوون، ستوونی ڕاست پێكهاتووه‌ له‌ كورتكراوه‌كانی فۆڵده‌ره‌كان و كرداره‌كان وه‌كو my computer  و my documents و control panel  و ئه‌وانی تر، ستوونی چه‌پ دابه‌شكراوه‌ بۆ سێ به‌ش، به‌شی سه‌ره‌وه‌ دوو كورتكراوه‌ی به‌رنامه‌كانی internet explorer  و outlook expressی تێدایه‌، به‌شی ناوه‌ڕاست له‌ كۆمه‌ڵێك كورتكراوه‌ پێكهاتووه‌ كه‌ ده‌گۆڕێن به‌پێی ئه‌و به‌رنامانه‌ی به‌كاریانده‌هێنین، به‌شی خواره‌وه‌ ده‌توانین بگه‌ین به‌ هه‌موو به‌رنامه‌كان كه‌ دابه‌زێنراون له‌سه‌ر ئامێره‌كه‌مان، له‌م ڤێرژنه‌دا چاكسازییه‌ك دروستكرا بۆ گه‌ڕان به‌دوای فایله‌كان و فۆڵده‌ره‌كان، هه‌روه‌ها سیستمی ڕێنماییه‌كان Help گه‌شه‌ی پێدرا و به‌رنامه‌ی media player 8.0 تێدا به‌كارهات له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رنامه‌ی تر و چاكسازی كرا له‌ به‌رنامه‌ی براوسه‌ری ئینته‌رنێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی ڤێرژنی نوێی internet explorer به‌كارهات، هه‌روه‌ها توانای پاراستنی ئامێره‌كه‌ت له‌دزه‌كردن له‌لایه‌ن هاككه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌ ڕێگای تایبه‌تمه‌ندی internet connection firewall كه‌ وه‌كو دیوارێكی ئاگرین كارده‌كات بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی ده‌ره‌كی، چه‌ندین به‌رنامه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و وه‌كو Mcafee personal firewall و Norton personal  و zonealarm pro و چه‌ندانی تر.

Windows 2003 server
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت له‌ 24ی مانگی ئازاری 2003دا ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڤێرژنی windows 2003 server ی دوای چاوه‌ڕوانیه‌كی زۆر و دواكه‌وتنی بۆ چه‌ند جارێك ڕاگه‌یاند، ئه‌م ویندۆزه‌ ده‌توانرێت له‌زۆر بواردا كاری پێبكرێت به‌پێی پێویستی هه‌ر ده‌زگایه‌ك، وه‌ك له‌بواره‌كانی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌بواره‌كانی ئینته‌رنێت و ناردنی نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی و به‌ستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ و سه‌ره‌ڕای بواره‌كانی ده‌نگ و ڕه‌نگ.
ویندۆزی 2003 له‌ چوار ڤێرژن پێكهاتبوو
1. سێرڤه‌ری بنه‌ڕه‌تی (windows server 2003 standard editor) ئه‌م ویندۆزه‌ ئه‌گونجێت وه‌ك سێرچێكی بچووك یان ناوه‌ندی به‌كاربهێنرێت له‌ بواره‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندیكردن به‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها وه‌كو ڕێگایه‌كی سه‌ره‌كیش بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕۆگرامه‌ جێبه‌جێكارییه‌كان (application program).
2.سێرڤه‌ری پڕۆژه‌كان ( windows 2003 server Enterprise Edition)  ئه‌م ویندۆزه‌ ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و داموده‌زگا گه‌وره‌كان.
3.windows 2003 server Datacenter edition   سێرڤه‌ری Datacenter edition به‌ به‌هێزترین سێرڤه‌ری خێزانی ویندۆزی 2003 داده‌نرێت كه‌ دروستكراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی تاوه‌كو كاربكات له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ هه‌ستیار و ناسكه‌كاندا.
4. windows 2003 server Web Edition سێرڤه‌ری Web Edition ویندۆزێكی نموونه‌ییه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر سایته‌كان و پڕۆگرامه‌كانی ئینته‌رنێت و چه‌ندین پڕۆگرامی ئه‌پلیكه‌یشنی تر.

Windows vista 2006
كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی ئه‌مریكی ساڵی 2006 ڤێرژنێكی نوێی ویندۆز به‌ ناوی vista 2006 یاخود windows .netه‌وه‌ ده‌رچوو، ئه‌م ڤێرژنه‌ گۆڕانكاری و چاكسازییه‌كی زۆری تێدا كراوه‌ له‌چاو ڤێرژنه‌كانی تر، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ له‌ ویندۆزی 2006 ڕووكارێكی زۆر جوانی بۆ كراو، كه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ڤێرژنه‌كانی تر، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ له‌م ویندۆزه‌دا ڕوویاندا، سیستمی‌ كاركردن له‌سه‌ری قورس بوو، هاوكات پێویستی به‌ كۆمپیوته‌ری ئاستبه‌رز بوو، بۆیه‌ ماكیرۆسۆفت لێره‌دا مێژوویه‌كی ڕه‌شی بۆ خۆی تۆماركرد و نه‌یتوانی وه‌ك ویندۆزه‌كانی دیكه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.

Windows 7
له‌ 22ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2009دا و له‌دوای شكسته‌كانی ویندۆزی ڤێستا، كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ویندۆزێكی دیكه‌ی خسته‌ به‌رده‌ست به‌كارهێنه‌ران كه‌ ئه‌ویش بریتیبوو له‌ ویندۆز 7.
ویندۆز 7 ده‌بێته‌ حه‌وته‌مین ویندۆزی هاوشێوه‌ی، هه‌ر بۆیه‌ به‌و ناوه‌شه‌وه‌ ناونرا، ئه‌میش بریتیبوو له‌ سیستمێك له‌نێوان ویندۆز XP و ویندۆز ڤێستادا، توانی له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ ساڵ و نیوێكدا ڕێژه‌ی فرۆشتنی له‌ ویندۆزی ڤێستا زیاتر بێت.

ویندۆز.. به‌ره‌و كوێ؟
پاش ئه‌وه‌ی گه‌ڕانێكی دوورودرێژمان كرد به‌نێو مێژووی گه‌شه‌كردنی سیستمی ویندۆز، بۆمانده‌ركه‌وت كه‌وا كۆمپانیای مایكرۆسۆفت له‌ ڤێرژنه‌كانی یه‌كه‌می ئه‌م سیستمه‌ گرنگی داوه‌ به‌ دابینكردنی ڕووكارێكی كرداری وێنه‌یی، بۆ ئاسان مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆمپیوته‌ر، به‌پێچه‌وانه‌ی سیستمی MS-DOS كه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ زۆر لاواز بوو، له‌دوای ڤێرژنی 3.0 ده‌ستكرا به‌گۆڕینی ویندۆز بۆ ژینگه‌یه‌كی كاری ته‌واو بۆ كارپێكردنی كرداره‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێكی گرنگه‌ له‌سه‌ركه‌وتنی ئه‌م سیستمه‌ له‌مڕۆدا، چونكه‌ ئێمه‌ ناڕۆین بۆ به‌كارهێنانی سیستمی كارپێكردن ته‌نها بۆ سیستمه‌كه‌، به‌ڵكو له‌پێناو ئه‌و كردارانه‌ی كه‌ كاری ته‌واو ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م سیستمه‌، له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی گرنگیدان به‌ تۆڕه‌كانی نێوخۆیی، مایكرۆسۆفت هه‌ستا به‌ دابینكردنی كه‌ره‌سته‌كان هه‌ر له‌ ڤێرژنی windows for work group 3.11ه‌وه‌ تاوه‌كو پێكهێنانی سیستمێكی ته‌واوكار بۆ تۆڕه‌كانی ناوخۆ به‌دابینكردنی هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی پێویست به‌ ناوی windows NTه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی تۆڕی ئینته‌رنێت كۆمپانیای مایكرۆسۆفت هه‌ستا به‌ده‌ركردنی windows 95 بۆ ئاسانكاری كرداری په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تۆڕی ئینته‌رنێت، هه‌روه‌ها ده‌ركردنی windows 98 بۆ جێگیركردنی په‌یوه‌ندی نێوان ویندۆز و ئینته‌رنێت، وه‌كو بینیمان هه‌موو ده‌رچووه‌كانی ویندۆز هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بۆ پاڵپشتیكردنی ته‌كنۆلۆژیای نوێ هه‌ر له‌ ده‌رچوونیه‌وه‌، به‌ڵام ئایا ویندۆز به‌ره‌و كوێمان ده‌بات؟
له‌ ڕاستیدا هه‌موو ده‌رچووه‌ نوێیه‌كانی ویندۆز نزیكمان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ڕێگای سروشتی، كه‌ مرۆڤ پشتی پێ ده‌به‌ستێ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو شته‌كان له‌ ژیانیدا پێ ده‌كات، ئه‌میش به‌ پاڵپشتیكردنی سیستمی ده‌نگ و ته‌كنۆلۆژیای نوێ،  پێشبینیكردنی كاره‌كان وه‌كو مرۆڤ، كه‌ به‌كارهێنه‌ر پێویستی پێی ده‌بێت له‌هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م سیستمه‌.

س: ئاسوى ئايتى

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق