2011-06-17

ئاینده‌ی‌ كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنیی‌!



كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ یاخود كتێبی‌ ژماره‌یی‌ (دیجیتاڵی‌) ده‌سته‌واژه‌ و ده‌ربڕینێكه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و چاپكراوانه‌دا بڕاوه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئامرازه‌كانی‌ دیجیتاڵی‌ (رقمی‌) وه‌ك كۆمپیوته‌ر و یاخود ئامێره‌ یاریده‌ده‌ره‌ كه‌سییه‌ دیجیتاڵیه‌كانه‌وه‌ (Personal Digital Assistant-PDA) بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ و ده‌خوێندرێنه‌وه‌ یاخود ته‌نانه‌ت له‌ڕێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆنی‌ مۆبایلیشه‌وه‌ ئه‌و كرداره‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام به‌زۆریش ئه‌م جۆره‌ كتێبانه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئامێری‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌ ده‌خوێندرێنه‌وه‌ كه‌ به‌تایبه‌تی‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سازكراون.


دیاره‌ بیرۆكه‌ی‌ كتێبی‌ ئه‌لكترۆنیش شتێكی‌ زۆر نوێ‌ نییه‌، بگره‌ له‌سه‌ره‌تاكانی‌ ساڵانی‌ حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ ڕابردووه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌ ته‌واوه‌تیش له‌ ساڵی‌ 1971دا بوو ئه‌ویش كاتێك یه‌كێك له‌ قوتابیه‌ ئه‌مریكیه‌كانی‌ زانكۆی‌ یانۆی‌ ده‌ستی‌ دایه‌ دروستكردنی‌ چه‌ند كتێبێكی‌ دیجیتاڵی‌ كه‌ سوودێكی‌ گه‌وره‌ی‌ تیادا ده‌بینیه‌وه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی‌، دیاره‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن قوتابی‌ (مایكل هارت)ه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌رپێ‌ به‌ پڕۆژه‌ی‌ گۆتنبێرگ (Project Gutenberg) ناوی‌ ده‌ركرد و ناسراو تائێستاش ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، كه‌ پێگه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت به‌ (www.gutenberg.org) ناسراوه‌ و بڕی‌ (23000) كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنیی‌ له‌خۆگرتووه‌ كه‌ ده‌توانرێت هه‌موویان داونلۆد بكرێن به‌بێ‌ به‌رامبه‌ر.


 له‌ پێشی‌ پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌و كتێبانه‌ش سه‌ره‌ڕۆییه‌كانی‌ شارلۆك هۆڵمز و كاره‌ ته‌واوه‌كانی‌ گه‌وره‌ ئه‌دیب و نووسه‌ره‌كانی‌ جیهانی‌ وه‌ك چارلز دیكنز و ولیام شكسپیر و مارك توین و ئۆسكار وایلد و جین ئۆستین و لیۆ تۆلستۆی‌ و ئه‌دگار ئالان بۆ و نووسه‌رگه‌لێكی‌ ترن، به‌ڵام ئایا به‌ ڕاستی‌ خه‌ڵك له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م شاشانه‌ی‌ كۆمپیوته‌ره‌وه‌ ده‌خوێننه‌وه‌؟ مه‌ودای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڕۆشنبیری‌ كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ تا چه‌نده‌؟ دیاره‌ به‌دڵنیایشه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌م دوو پرسیاره‌ ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ته‌مه‌نی‌ ئه‌و كه‌سه‌ و ئاسته‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی‌ و پێگه‌ی‌ جوگرافی‌ له‌ جیهاندا، چونكه‌ بێگومان كه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ بڵاوبوونه‌وه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ به‌خۆوه‌ بینیووه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا ڕۆژئاواییه‌كاندا، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكه‌، بۆ نموونه‌..


بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڕۆشنبیری‌ خوێندنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ (جا چ كاغه‌زی‌ بێت یاخود ئه‌لیكترۆنی‌) له‌ ڕۆژئاواوه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ به‌ به‌راورد به‌ كۆمه‌ڵگای‌ عه‌ره‌بی‌، هه‌ر له‌ ڕۆژئاواوه‌ بووه‌ كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت به‌شێوازێكی‌ ڕۆژانه‌ له‌نێوان توێژه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ كۆمه‌ڵگادا له‌ بڕوایه‌دایه‌، زیادله‌وه‌ش كێشه‌ی‌ نه‌خوێنده‌واری‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگای‌ عه‌ره‌بیدا كه‌ زۆر له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ تائێستاش به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵگای‌ ڕۆژئاوایی‌ ده‌مێكه‌ خۆیان لێ‌ ڕزگار كردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵً ئه‌وه‌شدا دیارده‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌نێو نه‌وه‌ گه‌نجه‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ بره‌وی‌ به‌خۆیداوه‌، دیاره‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌نێو پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێتدا گه‌شه‌ی‌ كردووه‌، ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیشی‌ به‌ فه‌یسبووك و نووسراوه‌كانی‌ تویته‌ر وابه‌سته‌ بووه‌.


 له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ یاریده‌ی‌ ئه‌م بڵاوبوونه‌وه‌ به‌رفراوانه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ داوه‌ بوونی‌ نزیكه‌ی‌ پێنج ملیۆن كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ جۆراوجۆره‌ له‌سه‌ر پێگه‌ هه‌مه‌ چه‌شنه‌كانی‌ تۆڕی‌ ئینته‌رنێت، له‌وانه‌ش نزیكه‌ی‌ سێ‌ ملیۆن كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ كه‌ ده‌توانرێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ خۆڕاییانه‌ داونلۆد بكرێت به‌بێ‌ به‌رامبه‌ر و به‌شێوازێكی‌ یاسایی‌ سه‌باره‌ت به‌ مافی‌ خاوه‌ندارییه‌تیه‌ فیكریه‌كه‌ی‌، له‌و كتێبانه‌ش ئه‌و كتێبانه‌ن كه‌ مێژووی‌ بڵاوكردنه‌وه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش سه‌ده‌ی‌ بیستی‌ ڕابردوو، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ مافی‌ خاوه‌نداریه‌تییه‌ فیكریه‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی‌ لێبۆته‌وه‌ و بووه‌ته‌ خاوه‌نداریه‌تی‌ گشتی‌، هه‌ندێكیشیان نووسه‌ره‌كه‌ی‌ خۆی‌ ڕێگه‌ی‌ داوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ بێ‌ به‌رامبه‌ر بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌پێناو ڕاكێشانی‌ پتری‌ خوێنه‌ره‌كاندا بۆ بابه‌ته‌كه‌ی‌، ئه‌وانه‌ش ئه‌و نووسه‌ر و داهێنه‌ره‌ لاوانه‌ن كه‌ حه‌ز ده‌كه‌ن له‌سه‌ر حیسابی‌ مادی‌ ناووناوبانگێكی‌ ئه‌ده‌بی‌ به‌ڕێز بۆخۆیان په‌یدا بكه‌ن. بۆ نموونه‌ پێگه‌ی‌ ئه‌رشیفی‌ ئینته‌رنێت (www.archive.org) نزیكه‌ی‌ پتر له‌ دوو ملیۆن و نیو كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ خۆڕایی‌ له‌خۆگرتووه‌، هه‌روه‌ها پێگه‌ی‌ كتێبخانه‌ش (www.openlibrary.org) نزیكه‌ی‌ یه‌ك ملیۆن كتێبی‌ خۆڕایی‌ له‌خۆگرتووه‌.


كاتێكیش كه‌ ده‌فرۆشرێن و به‌خۆڕایی‌ نه‌بن ئه‌وا ده‌بینین نرخی‌ كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ به‌ به‌راورد له‌ چاو نرخی‌ كتێبی‌ كاغه‌زداردا زۆر هه‌رزانه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ خه‌رجی‌ چاپكردنی‌ كاغه‌ز و ناردن و هه‌ڵگرتنی‌ تێناچێت. له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ تازه‌ترین بڵاوكراوه‌ی‌ جیهانی‌ له‌كاتێكدا كه‌ چاپه‌ كاغه‌زداره‌كه‌ی‌ بۆ هه‌ر نوسخه‌یه‌كی‌ (كۆپیه‌كی‌) بڕی‌ 30 تا 50 دۆلار و بۆ كۆپیه‌ به‌رگتێگیراوه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 100 دۆلاری‌ ده‌وێت، به‌ڵام هه‌مان كتێب به‌شێوه‌ی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ و داونلۆدی‌ خێرا له‌هه‌ر كوێیه‌كی‌ جیهاندا بێت نرخه‌كه‌ی‌ له‌ 10 تا 15 دۆلار تێپه‌ڕ ناكات. هه‌روه‌ها له‌ گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ یاریده‌ده‌ر بوون بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ به‌رفراوانی‌ كتێبه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ جیهانی‌ داهێنانی‌ ئه‌و ئامێرانه‌یه‌ كه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ دیجیتاڵی‌ (ژمێره‌یی‌) ته‌رخانكراون. دیاره‌ ئه‌و ئامێرانه‌ش به‌ ئامێری‌ رۆكێت ئی‌ بووك (Rocket eBook) و سۆفت بووك (SoftBook) له‌ساڵی‌ 1998 ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ دواشیاندا له‌هه‌مان ساڵدا ئامێری‌ سی‌ بووك (Cybook) هات. ئیدی‌ دوا ئه‌وه‌ گه‌وره‌ كۆمپانیاكانی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ بوارێكی‌ له‌باره‌ بۆ به‌رفراوانبوون له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كۆمپانیای‌ مایكرۆسۆفت ئامێرێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ به‌رهه‌مهێنا له‌ ساڵی‌ 2004دا، به‌دوای‌ ئه‌وه‌یشدا كۆمپانیای‌ سۆنی‌ ئامێرێكی‌ دیكه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 2004دا به‌رهه‌مهێنا.


ڕه‌نگه‌ له‌هه‌موو ئه‌م ئامێرانه‌ش گرنگتر ئه‌و ئامێری‌ خوێندنه‌وه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ بێت كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كۆمپانیای‌ ئه‌مازۆن (Amazon) و به‌ ئامێری‌ كیندڵ (Kindle) ناسرا و ده‌ستپێكی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ له‌ ساڵی‌ 2007دا بوو، تازه‌ترین بڵاوكراوه‌شی‌ له‌ ساڵی‌ 2010دا خسته‌ به‌رده‌ست. زیادله‌وه‌ش ئامێری‌ ئایپاد (ipad) كه‌ كۆمپانیای‌ ئه‌پڵ هێنایه‌ كایه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2010دا و ته‌نیا له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا حه‌وت ملیۆنی‌ لێ‌ فرۆشرا.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق