له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا و له ته‌لاری ئه‌كادیمیای ته‌كنۆلۆجیای زانیاری، وۆرك شۆپێكی تایبه‌ت له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی ته‌كنۆلۆجیای زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ گه‌وره كۆمپانیای بواری ته‌كنۆلۆجیا هێچ پی “HP” سازكرا كه زیاتر له ٢٠ به‌رپرس و نوێنه‌ری باڵای ته‌كنۆلۆجیای زانیاری سه‌ر به دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شدارییان تێدا كرد.
وۆرك شۆپه‌كه بۆ باسكردنی میكانیزمی دروست و ستاندهرد بوو بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕووی ته‌كنۆلۆجیاوه. تیمی شاندی كۆمپانیای هێیچ پی HP، كه له‌سه‌ر ئاستی باڵای كۆمپانیاكه‌یه، زیاتر له ٨ به‌رپرسی باڵای بواره جیاجیاكانی كۆمپانیای ناوبراوی له‌خۆگرتبوو.
سه‌باره‌ت به‌م سه‌ردانه‌ی كۆمپانیای ناوبراو و ئامانجی وۆرك شۆپه‌كه، جۆرج ئه‌شقه‌ر، به‌رپرسی به‌رنامه‌ی هێیچ پی HP بۆ عیراق وتی: "كۆمپانیای هێیچ پی HP ده‌خوازێت دیدێك بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بهێنێته‌دی تا هاوكاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات له جێبه‌جێكردنی پلانه گشتییه‌كه‌ی كاره‌كه‌یدا. ئه‌مه‌ش به چه‌ند قۆناغێك ئه‌نجام ده‌درێت". وتی: "له‌م وۆرك شۆپه‌دا و له‌ڕێی به‌شداربووانه‌وه، دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به قۆناغی نوێكردنه‌وه‌ی زانیاری‌دا ڕۆیشتوون تا بتوانن باشتر خزمه‌تی وه‌زاره‌ته‌كانیان بكه‌ن".
هاوكات بۆتان عوسمان، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنۆلۆجیای زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێم، وتی: "ئێمه وه‌ك فه‌رمانگه‌ی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری، به‌رده‌وامین له په‌یوه‌ندیی و گتفتوگۆ بۆ هێنانی كۆمپانیا گه‌وره جیهانییه‌كانی بواری ته‌كنۆلۆجیا بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین له‌وه‌ی پڕۆژه‌كانی ته‌كنۆلۆجیای زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ باشترین كۆمپانیا جیهانییه‌كانی بواری ته‌كنۆلۆجیا ئه‌نجام ده‌درێن و دڵنیاش بین له‌وه‌ی ئه‌م كۆمپانیایانه سوودی زیاتر به دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نن". وتیشی: "مه‌به‌ستی به‌شداریپێكردنی نوێنه‌ر و كاربه‌ده‌ستانی باڵای دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌م وۆرك شۆپه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای هێیچ پی HP بۆ دڵنیابوونه له‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره كۆمپانیایانه گفتوگۆ بكه‌ن و پێكه‌وه دڵنیابین له‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان به چۆنایه‌تی به‌رز ده‌بێت له ئایینده‌دا".
كۆمپانیای هێیچ پی HP یه‌كێكه له كۆمپانیا پێشه‌نگه‌كانی جیهان له بواری به‌رهه‌مهێنانی كۆمپیوته‌ر و ته‌كنۆلۆجیا و خزمه‌تگوزاریی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به بواری ته‌كنۆلۆجیای زانیاری.
س: ئاسوى ئايتى
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق