2011-07-16

لیژنه‌یه‌ك بۆ خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ مۆبایل له‌ عێراقدا پێكده‌هێنرێت




ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ هه‌رسێ كۆمپانیای‌ مۆبایل له‌ عیراق، لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌، هه‌روه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دزینی باڵانسی به‌شداربووان ‌و بڕینی په‌یوه‌ندییه‌كان ‌و خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌كرێت.

په‌رله‌مانتار ئیحسان عه‌ودای‌، له‌سه‌ر لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ ‌و ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق، بۆ سایتی‌ خه‌ندان رایگه‌یاند: ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن ‌و په‌یوه‌ندییه‌كان چاودێری كۆمپانیاكانی‌ مۆبایلیان له‌ ئه‌ستۆیه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ په‌رله‌مانه‌وه‌. وتیشی: "له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌وه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایلدا كراوه‌، له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا ده‌ركه‌وت كه‌ كۆمپانیاكان هه‌ریه‌ك به‌ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندنه‌بووه‌ به‌ مه‌رجه‌كانی‌ نێو گرێبه‌سته‌كانه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ یاری‌ به‌و گرێبه‌ستانه‌وه‌ كراوه‌".به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان، وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی‌ پێكرد: خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ ئه‌و سێ‌ كۆمپانیایه‌ له‌ ئاست پێویست ‌و به‌ پێی مه‌رجه‌كانی‌ نێو گرێبه‌سته‌كان نییه‌، وتیشی: "له‌ زۆربه‌ی‌ پارێزگاكانی‌ عیراق خزمه‌تگوزاری‌ تۆڕی‌ مۆبایل ناوچه‌كان رووماڵ ناكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بڕینی په‌یوه‌ندییه‌كان، جگه‌ له‌وانه‌ش یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكان زیاتر له‌ پێنج ملیۆن سیمكارتی‌ دابه‌شكردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ یاساییه‌ پێویسته‌كانیان وه‌رگرتبێت".ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: له‌ رووی‌ یاساییه‌وه‌، كه‌مته‌رخه‌می‌ له‌ گرێبه‌سته‌كاندا كراوه‌، بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانێت چاو به‌ گرێبه‌سته‌كاندا بخشێنرێته‌وه‌.ئیحسان عه‌وادی ئاشكراشیكرد: لیژنه‌یه‌ك بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ پێكهێنراوه‌ كه‌ كۆمپانیاكان ده‌یكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌چاره‌ی‌ یاساییان له‌به‌رامبه‌ردا بگیرێته‌به‌ر، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ دزینی باڵانسی‌ به‌شداربووان ‌و خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان ‌و بڕینی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كرێت.روونیشیده‌كاته‌وه‌: هه‌ر كۆمپانیایه‌ك به‌جیا لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت ‌و به‌ جیاش هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان ‌و پێشێلكارییه‌ یاساییه‌كانی‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كه‌یدا كردوویه‌تی‌، وتیشی:"كۆمپانیا هه‌یه‌ له‌ بری‌ ده‌قیقه‌، سیستمی‌ چركه‌شی‌ داناوه‌، به‌ڵام ده‌بوو تێچووی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان كه‌متر ببنه‌وه‌، كه‌ چی‌ زیاتری‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ش لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت".

س: خه‌ندان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق