2011-07-06

خولێكی په‌ره‌پێدانی پیشه‌وه‌رانه‌ی ئای تی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت



په‌ره‌پێدانی توانای ناوخۆیی و دانانی بناغه‌یه‌كی زانستی پیشه‌وه‌رانه‌ بۆ به‌رپرس و ستافی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا گرنگ و پێویسته‌ بۆ پێشخستنی بواری ته‌كنۆلۆجیای زانیاری له‌سه‌ر ئاستی گشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، فه‌رمانگه‌ی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌شی ته‌كنۆلۆجیا و گه‌یاندنی سوپای ئه‌مریكایی له‌ عیراق ناسراو به‌  J6، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 3/7 ده‌ستیكرد به‌ خولێكی ڕاهێنان به‌ ناونیشانی "په‌ره‌پێدانی پیشه‌وه‌رانه‌ی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری IT Professional Development" له‌ ته‌لاری ئه‌كادیمیای ته‌كنۆلۆجیای زنیاری له‌ شاری هه‌ولێر.
مه‌به‌ستی خولی ڕاهێنانه‌كه‌ پێدانی بناغه‌ی زانستی و په‌ره‌پێدانی ئاستی كارمه‌ندانی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سێ بواری سه‌ره‌كی له‌ڕووی ته‌كنیكی ته‌كنۆلۆجیای زانیارییه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ "كارگێڕی كلایه‌نتClient Administration "، "كارگێڕی سیستم System Administration" و "كارگێڕی تۆڕ Network Administration".
 هه‌ر ماوه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ تێكڕای خوله‌كه‌ بۆ یه‌كێك له‌و سێ بواره‌ ته‌كنیكییه‌ ده‌بێت. بابه‌تی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، كه‌ ٤٨ به‌رپرس و ستافی دامه‌زراوه‌ جیاجیاكانی حكومه‌ت به‌شدارن تێیدا، تایبه‌ته‌ به‌ "كارگێڕی كلایه‌نتClient Administration ".  ته‌واوی خوله‌كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزییه‌ و به‌شداربووان ڕۆژانه‌ شه‌ش كاتژمێر وانه‌ وه‌رده‌گرن و ماوه‌ی خوله‌كه‌ ١٢ هه‌فته‌یه‌.
هه‌موو به‌شداربووان بۆ سه‌رجه‌م خوله‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی ورد و لێهاتووییان له‌ سێ بواره‌كه‌دا ده‌ستنیشانكراون بۆ ئه‌م خوله‌. خوله‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامی نێوان فه‌رمانگه‌ی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری و به‌شی J6 له‌ سوپای ئه‌مریكای له‌ عیراق و هه‌ردوولا به‌هاوبه‌شی بڕی تێچوونی خوله‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆگرتووه‌.
له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆتان عوسمان، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم وتی "پێشخستنی ئاستی كارمه‌ندانی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری له‌ناو دامه‌زراوه‌ی حكومیدا یه‌كێكه‌ له‌ بواره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پلانی گشتی كاری ته‌كنۆلۆجیای زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم. گرنگی ئه‌م خوله‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆنایه‌تی و ناوه‌رۆكی پرۆگرامی خوله‌كه‌ له‌سه‌ر پرنسیپ و مه‌نهه‌جه‌كانی سیسكۆ Cisco و مایكرۆسۆفت Microsoft و كۆمپتیا CompTIA  دانراوه‌ و ڕاهێنه‌ره‌كان باوه‌ڕپێكراوی كۆمپانیای نیو هۆرایه‌زنس New Horizonsـی شاری دوبه‌ین كه‌ خاوه‌ن ئاستێكی به‌رچاو و لێهاتوویی به‌رزن له‌ جیهاندا بۆ ئه‌م جۆره‌ ڕاهێنانه‌". ناوبراو وتیشی: "به‌ته‌واوبوونی خوله‌كه‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت ده‌بنه‌ خاوه‌نی كارمه‌ندی لێهاتووی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی له‌و سێ بواره‌دا و ئه‌وان ده‌توانن ڕۆڵی كارا و گه‌وره‌ ببینن له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ته‌كنۆلۆجیای زانیاری و گه‌یاندنی سوودی گه‌وره‌ به‌ دامه‌زراوه‌كانیان".

س: خه ندان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق