2011-08-03

گوگڵ+ ، (20) ملیۆن به‌كارهێنه‌ری‌ په‌یداكردووه‌!



به‌پێی‌ ڕووپێوییه‌ نوێیه‌كانی‌ كۆمپانیای‌ ڕووپێوی‌ و ڕووماڵكردنی‌ ئینته‌رنێتی‌ كۆمسكۆر (Comscore)، خزمه‌تگوزاری تازه‌ی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ (گوگڵ+) (Google+) كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا له‌لایه‌ن ماڵپه‌ری‌ گوگڵه‌وه‌ خرایه‌كار له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ كارابوونیدا پتر له‌ 20 ملیۆن به‌كارهێنه‌ر و هاوبه‌شی‌ نایابی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا به‌لای‌ خۆیدا ڕاكێشاوه‌.

له‌م هه‌فته‌یه‌ی‌ پێشوودا (لاری‌ په‌یج)ی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كۆمپانیای‌ گوگڵ ڕایگه‌یاند كه‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گوگڵ+ پتر له‌ 10 ملیۆن ئه‌ندامی‌ تۆماركردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی‌ چاره‌كی‌ دووه‌می‌ كۆمپانیاكه‌دا به‌دیهاتووه‌. ئامار و ئه‌و ژماره‌ و داتا نوێیانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌ی‌ ڕووپێوكردن و پێوانه‌یی‌ ئینته‌رنێتی‌ سه‌ربه‌خۆوه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌، ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ نزیكه‌ی‌ 870000 كه‌س له‌ شانشینی‌ یه‌كگرتووی‌ به‌ریتانیا بوونه‌ته‌ هاوبه‌ش و ئه‌ندامی‌ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ نوێیه‌ی‌ گوگڵ، له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌شدا ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ 10 ملیۆن هاوبه‌شی‌ دیكه‌ی‌ به‌لای‌ خۆیدا په‌لكێشكردووه‌. ژماره‌كه‌ش له‌ به‌شداربووی‌ نایاب له‌نێوان (29)ی‌ حوزه‌یران بۆ (19)ی‌ ته‌مموز به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 19.93 ملیۆن به‌كارهێنه‌ر. سه‌ره‌ڕای‌ هه‌ندێك له‌ ڕه‌خنه‌ و گازنده‌ و گله‌ییه‌كان، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی‌ گوگڵ زۆر به‌ باشی‌ پێشوازی‌ لێكرا هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر خرایه‌گه‌ڕ و كاراكرا. له‌دوا وته‌ی‌ له‌سه‌ر گوگڵ+ (Google+)، (ڤیك گۆندۆترا)ی‌ گه‌وره‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گوگڵ+ وتی‌: "گه‌لێك ڕه‌خنه‌ی‌ ڕووبه‌ڕووی‌ گوگڵ+ بووه‌وه‌. ئێمه‌ گوێمان گرت و كارمان بۆ وتووێژ كرد. خۆمان نابووه‌وه‌ و گوێمان هه‌ڵخستبوو بۆ گۆڕانكارییه‌كانی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌". گوگڵ هێشتا له‌ دوای‌ كێبڕكێكه‌ره‌كانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌تی‌. تویته‌ر (Twitter) پتر له‌ (300 ملیۆن) به‌كارهێنه‌ری‌ هه‌یه‌ و فه‌یسبووكیش (Facebook) دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ڕایگه‌یاند كه‌ ژماره‌ی‌ به‌كارهێنه‌ر و هاوبه‌شه‌كانی‌ گه‌یشتۆته‌ (750 ملیۆن) به‌كارهێنه‌ر.




ئا: شاكار محه‌مه‌د
س: خه ندان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق