2011-08-24

كۆمیسیۆنێكی بێ ئاگا، هۆكارێكه‌ بۆ دواكه‌وتنی گه‌یاندن له‌ عیراقدا



هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی 8 ساڵه‌ گه‌لی عیراق ده‌توانێت به‌سه‌ربه‌ستی ته‌كنۆلۆژیا نوێیه‌كانی په‌یوه‌ندی به‌ته‌واوه‌تی و له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقدا به‌كاربهێنێت، به‌ڵام عیراق له‌ماوه‌ی ئه‌و 8 ساڵه‌دا هه‌نگاوی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی‌ ناوه‌.

له‌سه‌رده‌می پۆڵ بریمه‌ری حاكمی به‌ڕێوه‌بردنی عیراقدا كه‌ ئه‌و كات وه‌زاره‌تی گه‌یاندن بوونی نه‌بوو، كۆمیسیۆنێك به‌ناوی كۆمیسیۆنی گه‌یاندن و ڕاگه‌یاندنی عیراقیه‌وه‌ دامه‌زرا، به‌و نیازه‌ی ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ بتوانێت سه‌رپه‌رشتی ڕه‌وشی گه‌یاندن و ڕاگه‌یاندن بكات له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تائێستا به‌دی كراوه‌ به‌ڕای من، ته‌نها كۆمیسیۆنێكه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌گه‌شه‌كردنی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان.
كۆمیسیۆنێك له‌ ساڵی 2007دا مۆڵه‌ت بداته‌ سێ زه‌به‌لاحترین كۆمپانیای وڵاته‌كه‌ی و مۆڵه‌ته‌كه‌شی بێ به‌رنامه‌ بێت كه‌ پرنسیپه‌كانی مۆڵه‌ته‌كه‌ له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای 2000دا له‌ وڵاتای پێشكه‌وتوو به‌كارهاتووه‌، كۆمیسیۆنێك له‌ 2007 مۆڵه‌تی ئۆپه‌ره‌یته‌ری نه‌وه‌ی دووه‌می مۆبایل بدات و جیهانیش سه‌رقاڵی به‌رجه‌ستكردنی و جێبه‌جێكردنی سیستمێكی نوێیه‌ به‌ناوی نه‌وه‌ی چواره‌مه‌وه‌ 4G، كه‌واته‌ هه‌تاوه‌كو خاوه‌نی ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ بن، عیراق هه‌میشه‌ دوو قۆناغ له‌دوای سیستمی مۆبایلی جیهانییه‌وه‌ هه‌نگاوده‌نێت.
كۆمیسیۆنێك تائێستا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بۆ نرخ و كوالێتی كۆمپانیاكان نه‌كردووه‌، به‌ وته‌ی خۆیان له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه‌ هه‌ستاون به‌و كاره‌، به‌ڵام له‌ عیراقێكدا كه‌ په‌رله‌مانه‌كه‌ی یه‌ك پسپۆڕی گه‌یاندن و وه‌زیره‌كه‌شی پسپۆڕی گه‌یاندن نه‌بێت له‌كوێوه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌گبه‌ت بتوانێت هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆمپانیاكانی مۆبایل بكات؟
هه‌رچه‌نده‌ به‌ وته‌ی داڕێژه‌رانی پرۆتۆكۆڵی مۆڵه‌تی كاركردنی 15 ساڵی سێ كۆمپانیاكه‌ی مۆبایل له‌ عیراق، مۆڵه‌ته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه‌ كه‌ توانای ئه‌پده‌یتكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ده‌توانرێت گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بكرێت، به‌ڵام له‌دوای چوار ساڵ له‌ مۆركردنی مۆڵه‌ته‌كان، كۆمیسیۆن تازه‌ سه‌رقاڵی جێبه‌جبێكردنی بڕگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان مۆڵه‌ته‌كه‌یه‌، چ مۆڵه‌تێكیش؟ ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی كه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ربچێت، پرنسیپه‌كانی به‌سه‌رچووه‌.
له‌ 2007دا حكومه‌ت ده‌یتوانی به‌ ساده‌ترین هه‌نگاو، ڕه‌وشی گه‌یاندن له‌ عیراقدا به‌شێوه‌یه‌كی ئیجاب بنیاتبنێت، له‌ 2007دا ئه‌و سێ كۆمپانیایه‌ی كه‌ مۆڵه‌ته‌كه‌یان وه‌رگرت هێشتا له‌سه‌ره‌تای كاركردندا بوون و له‌سه‌ره‌تای بنیاتنانی ژێرخانه‌كانیاندا بوون، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو كۆمپانیای كۆڕه‌ك و زه‌یه‌ن كه‌ تائێستاش نه‌یانتوانیووه‌ تاوه‌ری پێویست و لینكی ته‌واو له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقدا دابنێن، ئه‌و كات حكومه‌ت نه‌ده‌بوو مۆڵه‌تی نه‌وه‌ی دووه‌می بدایه‌، ده‌بوو هه‌ر ئه‌و كات كۆمپانیاكانی به‌شێوه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ بكردایه‌ كه‌ بیكردایه‌ به‌ مه‌رج بۆ گۆڕینی سیستمه‌كانیان له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا بۆ نه‌وه‌ی سێیه‌م یاخود له‌دوای چوار ساڵ بۆ نه‌وه‌ی چواره‌م.
له‌زۆربه‌ی كاته‌كاندا، به‌رپرسه‌ میرییه‌كان و خاوه‌نكاره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عیراق و كوردستان له‌بواری گه‌یاندندا زۆر له‌ پێشتره‌ له‌چاو وڵاتانی دراوسێ، من نازانم هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت دراوسێكه‌ی بكاته‌ پێوه‌ر؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌وا وڵاتانی دراوسێ شه‌ش وڵاتن، ئه‌ی بۆ باسی ئه‌وه‌ ناكرێت له‌چاو سه‌ده‌ها وڵاتی تری دنیاوه‌ چه‌ند له‌دواوه‌ین؟ به‌مه‌رجێك كه‌ ده‌ڵێن وڵاتانی دراوسێ ئێستا سعودیه‌ و كوه‌یت و توركیا یه‌كێكن له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی گه‌یاندن له‌ ڕووی بوونی سیاسه‌تێكی ته‌ندروست و ژێرخانێكی گه‌یاندنی ڕێكوپێكه‌وه‌، كه‌واته‌ له‌ شه‌ش وڵاتی دراوسێش ته‌نها سێ‌ وڵات مایه‌وه‌ و به‌وپێیه‌ش یه‌كه‌مین له‌دوای دواوه‌.
له‌دنیادا ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی سه‌رپه‌رشتی گه‌یاندن ده‌كات له‌ وڵاتێكدا، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ باڵاكانی گه‌یاندندا په‌یوه‌سته‌ و له‌ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌كانی وه‌ك ITU و IEEEییه‌وه‌ نوێترین ته‌كنۆلۆژییاكان دراسه‌ ده‌كات و ده‌یهێنێته‌ وڵاته‌وه‌ تاوه‌كو كۆمپانیاكان وه‌به‌رهێنانی تێدا بكه‌ن، به‌ڵام لێره‌ حكومه‌ت و كۆمیسیۆنه‌كه‌مان هێده‌ بێ ئاگان كه‌ ده‌بێت كۆمپانیاكان ته‌كنۆلۆژیا نوێیه‌كان بخه‌نه‌ به‌رده‌م كۆمیسیۆن و دواتر كۆمیسیۆن دراسه‌ی بكات، ئه‌وه‌ لێره‌دا هه‌ر باسی وه‌زاره‌ته‌كانی گه‌یاندنی حكومه‌تی عیراق و كوردستان هه‌ر ناكه‌ین!
له‌دواهه‌مین گۆڕانكارییدا، كه‌ دوا كۆمپانیا كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بوو ئه‌نجامیدا، گۆڕینی سیستمی خوله‌ك بوو بۆ چركه‌، له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌سته‌ی گه‌یاندن و ڕاگه‌یاندنی عیراقی CMC ته‌نها باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێت سیستمه‌كه‌ ببێته‌ چركه‌، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌وڵ بدات كۆمپانیاكانی له‌ڕێگه‌ی ئۆفه‌ر و خزمه‌تگوزاریی جیاوازه‌وه‌ بكاته‌ ڕكابه‌ری یه‌كتر نه‌ك ته‌نها له‌ڕێگه‌ی چركه‌ و نرخه‌وه‌.
ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ به‌و نیازه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كۆمپانیاكان بكاته‌ یه‌ك سیستم و دواتر له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ كۆمپانیاكان بكاته‌ ڕكابه‌ری یه‌كتر، به‌ڵام دانانی كۆد و به‌ندی بۆ كۆمپانیاكان به‌ هه‌ندێك شتی لاوه‌كییه‌وه‌ له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیان و ڕه‌وشی گه‌یاندنی عیراق نییه‌، هێنده‌ی كۆمیسیۆن خۆی به‌و بابه‌ته‌ لاوه‌كییانه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كات ده‌بووایه‌ كۆتوبه‌ندی ئه‌وه‌ی به‌ كۆمپانیاكان دابنایه‌ كه‌ خزمه‌تگوزاری زیاتر و نه‌وه‌ی نوێی گه‌یاندن به‌كاربهێنن، نه‌ك یه‌كخستنی هه‌موو كۆمپانیاكان له‌سه‌ر یه‌ك شێوه‌.
هاوكات ده‌بوایه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ هاوسه‌نگی نرخی له‌ عیراقدا دروستبكردایه‌، واته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كوالێتی خزمه‌تگوزارییه‌كان بكرادیه‌ له‌به‌رامبه‌ر نرخه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌لاوه‌ ده‌نێت و هاوڵاتی و به‌كارهێنه‌رانی مۆبایلیش له‌ عیراق هه‌تا ماون ده‌بێت خه‌ون به‌ ته‌كنۆلۆژیا نوێیه‌كانه‌وه‌ ببینین!


ئا: شڤان مسته‌فا میسری

س: خه ندان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق