عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له كۆمپانیای ئاسیاسێڵ له دیدارێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ئاسۆی ئای تی باس له چۆنیتی گۆڕینی سیستمی خوله‌ك بۆ چركه ده‌كات و چه‌ندین پرس و ته‌وه‌ری تایبه‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه بۆ به‌شداربووانی ئاسیاسێڵ ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئاسیاسێڵ بۆ یه‌كه‌مین جار به‌ڕوونی باس له چاره‌نووسی ئه‌و چه‌ند هه‌زار سیمكارته تایبه‌ته‌ی ئاسیاسێڵ ده‌كات كه به سیمكارته چوار سه‌نتیه‌كان ناوده‌برێن له‌پاش به‌گه‌ڕخستنی سیستمی خوله‌ك بۆ چركه، له‌به‌شیكی تری ئه‌و دیداره تایبه‌ته‌دا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن ئاماژه به‌وه ده‌كات له‌ئێستادا له‌كۆی هه‌موو به‌شداربووه‌كانی، كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ته‌نها (67) هه‌زار به‌شداربووی هه‌یه كه هه‌ڵگری ئه‌و سیمكارتانه‌ن كه به سیمكارتی چوار سه‌نتی ناوده‌برێن. ناوبراو ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان ڕه‌چاوی مافی چوار سه‌نتیه‌كانیان كردووه، به‌م پێیه‌ش بۆ ئه‌وان له‌ومه‌ودوا نرخی هه‌رچركه‌یه‌ك ده‌بێته یه‌ك دینار، به‌ڵام بۆ هه‌شت سه‌نتیه‌كان نرخی یه‌ك چركه ده‌بێت به دوو دینار.
هه‌روه‌ك ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئاسیاسێڵ ڕه‌تیشی ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان (786) ملیۆن دۆلاریان له‌لامابێت و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان مابێت به زیاده‌كه‌شه‌وه ته‌نها (425) ملیۆن دیناره، له‌و دیداره‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌یوه‌ندییه‌كان تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند گۆشه‌یه‌كی تری تایبه‌ت به‌م دۆسیه‌یه كه هه‌موو دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به به‌شداربووانه‌وه هه‌یه.
• گۆڕینی سیستمی خوله‌ك بۆ چركه تاچه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاته‌كانی قسه‌كردن ده‌بێت، قسه‌یه‌ك هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كات نرخی یه‌ك خوله‌ك بۆ (120) دینار به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌وه چۆنه؟
- به‌پێی ئه‌م سیستمه نوێیه نرخی په‌یوه‌ندیكردن به چركه ئه‌ژمار ده‌كرێت، له‌كاتی گۆڕینی سیستمه‌كه‌ش هه‌ر به‌شداربوویه‌كی ئاسیاسێڵ كه له سیستمی ده‌قه‌وه ده‌چێته سه‌ر سیستمی چركه 3500 دینار باڵانس وه‌ك دیاری وه‌رده‌گرێت. به‌پێی سیستمی چركه، نرخه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن بۆ سه‌رجه‌م به‌شداربووانی ئاسیاسێڵ به‌پێی چركه ئه‌ژمارده‌كرێت، نرخی هه‌ر چركه‌یه‌كیش ته‌نها دوو دیناره، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له په‌یوه‌ندییه‌كدا به‌شداربوویه‌ك 20 چركه قسه بكات ئه‌وا ته‌نها 40 دینار له باڵانسه‌كه‌ی ده‌ڕوات.
ئه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نرخی سه‌رجه‌م ئه‌و ئۆفه‌رانه وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه كه ئاسیاسێڵ پێشكه‌شی به‌شداربووه‌كانی كردووه له هێڵه‌كانی پریپه‌یدی ئاسایی و هێڵه‌كانی "گه‌نجان، ئه‌ڵماس، زێڕین" كه له هه‌ندێك كات و شوێندا به‌پێی جیاوازی ئۆفه‌ره‌كان نرخی په‌یوه‌ندیكردن ده‌بێت به یه‌ك دینار بۆ چركه‌یه‌ك.
• به بۆچوونی ئێوه به‌گه‌ڕخستنی سیستمی چركه تاچه‌ند له‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به‌شداربوواندایه؟
- ماوه‌ی دوو ساڵ زیاتره له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندنی عیراقییه‌وه داوا له كۆمپانیای ئاسیاسێڵ كراوه كه سیستمی ده‌قه بگۆڕێت بۆ سیستمی چركه، به‌ڵام كۆمپانیای ئاسیاسێڵ پێی باشبوو كار به‌هه‌ردوو سیستمه‌كه بكات، چونكه به‌شداربووه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازیان هه‌یه و كۆمپانیا وای به‌باش ده‌زانی به‌شداربووه‌كانی خۆیان ئه‌و سیستمه هه‌ڵبژێرن كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندا ده‌گونجێت. له ڕۆژی 11\4\2010 له ئاسیاسێڵدا هه‌ردوو سیستمه‌كه (ده‌قه و چركه) كاری پێده‌كرێت.
كۆمپانیای ئاسیاسێڵ چه‌ند جارێك له‌ڕێگه‌ی دادگاوه به‌رگری له‌وه‌كرد كه هه‌ردوو سیستمه‌كه بمێنێته‌وه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی به‌شداربووه‌كانیدا، به‌ڵام سووربوونی كۆمیسیۆنی ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندنی عیراقی و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراقی له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌یان، كۆمپانیای ئاسیاسێڵی ناچاركرد له‌ڕۆژی 21\8\2011ه‌وه سه‌رجه‌م سیستمه‌كه‌ی بگۆڕێت بۆ چركه. له‌كاتی جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌م بڕیاره‌ش له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئاسیاسێڵه‌وه، ئه‌وا كۆمپانیا ڕووبه‌ڕووی سزای دارایی گه‌وره ده‌بێته‌وه.
• ئه‌گه‌ر له خزمه‌تی به‌شداربوواندایه بۆچی تائێستا به‌گه‌ڕ نه‌خراوه؟
-چۆن به‌گه‌ڕ نه‌خراوه! له‌گه‌ڵ بوونی سیستمی ده‌قیقه‌شدا له ڕۆژی 11\4\2010ه‌وه سیستمی چركه بوونی هه‌یه و به‌شداربووان به ئاره‌زووی خۆیان هه‌ر سیستمێك له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندا بگونجایه ئه‌وا ئه‌و سیستمه‌یان هه‌ڵده‌بژارد، به‌ڵام په‌رله‌مانی عیراق و كۆمیسیۆنی ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندن ئاسیاسێڵیان ئیجبار كرد كه هه‌موو سیستمه‌كه‌ی بگۆڕێت بۆ چركه.
له‌دوای ڕۆژی 11\4\2010ه‌وه سه‌رجه‌م ئه‌و به‌شداربووانه‌ی سیمكارتی ئاسیاسێڵیان كڕیوه، به‌سیستمی چركه په‌یوه‌ندیده‌كه‌ن، بۆ به‌شداربووه‌كانی پێشتریش به ئاره‌زووی خۆیان بوو چ سیستمێك هه‌ڵده‌بژێرن.
• ئه‌م ماوه‌یه‌ی پێشوو لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی عیراق ڕاپۆرتێكی له‌سه‌ر ڕه‌وشی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌تایبه‌ت مۆبایل ئاماده‌كرد، له ڕاپۆرته‌كه‌دا به‌توندی ڕه‌خنه له‌هه‌رسێ كۆمپانیای مۆبایل گیرا بۆچوونی به‌ڕێزتان له‌و باره‌یه‌وه چۆنه؟
- ئه‌وه‌ی له‌و ڕاپۆرته‌دا په‌یوه‌ندی به كۆمپانیای ئاسیاسێڵه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه سێ قیستی پاره‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌مان لاماوه كه 375 ملیۆن دۆلاره و له‌گه‌ڵ ئه‌و زیاده‌یه‌ی ساڵانه ده‌چێته سه‌ری، ئه‌وه‌ی له ڕاپۆرته‌كه‌دا وتراوه كه ئاسیاسێڵ 786 ملیۆن دۆلاری لابێت ڕاست نییه.
بابه‌تێكی تری ڕاپۆرته‌كه كه له‌سه‌ر ئاسیاسێڵ بوو ئه‌وه‌یه كه سیستمی ده‌قه بگۆڕێت بۆ سیستمی چركه، هه‌ر ئه‌و دوو بابه‌ته په‌یوه‌ندی به ئاسیاسێڵه‌وه هه‌بوو.
• كۆمپانیای ئاسیاسێڵ تائێستا چه‌ند پاره‌ی گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ حكومه‌ت، مه‌به‌ستم بڕه پاره‌ی بۆندی كاركردنی مانگی ئابی (2007)ی عه‌ممانه چه‌نده؟
- وه‌ك له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا باسم كرد له بڕی پاره‌ی مۆڵه‌ته‌كه كه ملیارێك و دوو سه‌د و په‌نجا ملیۆن دۆلار بوو، ته‌نها سێ قیستمان لاماوه كه 375 ملیۆن دۆلاره له‌گه‌ڵ ئه‌و زیاده‌یه‌ی ده‌چێته سه‌ری.
• ئایا ته‌سلیم نه‌كردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه لای كۆمپانیاكانی مۆبایله بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه له عه‌قده‌كه‌دا ڕێگه به‌دواخستنی دراوه، یان پاره‌كه زۆره و كۆمپانیاكانی مۆبایل بۆیان دابین نه‌كراوه؟
- ئێمه وه‌كو كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ته‌نها سێ قیستمان لاماوه، پێشتر 625 ملیۆن دۆلارمان لامابوو، به‌پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی عیراقی ئه‌و بڕه پاره‌یه كرا به قیست و هه‌ر ساڵه‌ی 125 ملیۆن دۆلار بده‌ینه‌وه له‌گه‌ڵ زیاده‌ی له‌سه‌دا شه‌ش، ئێمه وه‌ك ئاسیاسێڵ دوو قیستمان له‌كاتی خۆیدا داوه و ته‌نها سێ قیستمان لاماوه.
• ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی كه لای ئاسیاسێڵ ماوه‌ته‌وه كه‌متره به به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی تر، ئێستا كۆتا پاره كه له‌سه‌ر ئاسیاسێڵ مابێته‌وه و ده‌بێت له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا بیگێڕیته‌وه بۆ حكومه‌ت چه‌نده؟
- وه‌ك پێشتر ئاماژه پێدا ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی لای ئاسیاسێڵ ماوه كه ده‌بێت له ماوه‌ی سێ ساڵدا بدرێته‌وه ته‌نها 375 ملیۆن دۆلاره به‌و فائیده‌یه‌ی ده‌چێته سه‌ری هه‌مووی ده‌كاته 425 ملیۆن دۆلار.
• ئایا ئاسیاسێڵ ده‌توانێت له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگی داهاتوودا بچێته ژێرباری سه‌رفكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه لای ماوه‌ته‌وه؟
- ئێمه تانه له‌و ڕاسپارده‌یه‌ی په‌رله‌مانی عیراقی ده‌ده‌ین، چونكه ئه‌و ژمارانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه ڕاست نین و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنیش وایان بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ئه‌و پاره‌یه كه 786 ملیۆن دۆلاره وه‌ك قه‌رز لای ئاسیاسێڵه، بۆیه پێویسته ئه‌و لیژنه‌یه ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوبكاته‌وه و ئه‌و ژمارانه ڕاستبكاته‌وه. به‌نیسبه‌ت ئه‌وه‌ی كه پاره‌كه‌ی لامان ماوه له مانگێكدا بیده‌ن، ئێمه به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و بڕه پاریه‌مان بۆ كراوه به قیست، بۆیه چاوه‌ڕێین بزانین هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقی چی ده‌بێت كه لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مان داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیارێكی ده‌كات.
• وه‌ك له بڕیاره‌كه‌دا هاتووه ده‌بێت له سه‌دا هه‌شت-ی كۆی قازانجی گشتی كۆمپانیاكانی مۆبایل بۆ حكومه‌ت بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم پێشتر بۆ كۆمپانیا عیراقییه‌كانی وه‌ك ئاسیاسێڵ له سه‌دا 15ی باج و بۆ كۆمپانیا غه‌یره عیراقییه‌كانی وه‌ك زه‌ین له سه‌دا 18ی باجی له‌سه‌ر بوو به‌گوێره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی موزایده‌كه‌ی عه‌ممان، ئه‌وه چۆنه؟ ئایا باج و قازانج جیاوازن به‌گوێره‌ی عه‌قده‌كه؟ ئه‌گه‌ر وایه پێشتر له سه‌دا چه‌ندی كۆی قازانجی گشتی له‌سه‌ر كۆمپانیاكان بووه، وا ئێستا كراوه به له سه‌دا 8؟
- ئه‌م پرسیاره‌ی به‌ڕێزتان هه‌ڵه‌یه و پێده‌چێت له‌و ژمارانه تێنه‌گه‌یشتبن، ئه‌وه‌ی ئاسیاسێڵ به‌رده‌وام ده‌یدات به حكومه‌تی عیراقی له سه‌دا 15ی بریتییه له (هاوبه‌شیكردن له داهات) (مشاركه فی الارادات).
• چاره‌نووسی ئه‌و سیمكارتانه‌ی كه به سیمكارتی چوار سه‌نتی ناوده‌برێت چی لێ به‌سه‌ر دێت، له‌دوای به‌گه‌ڕخستنی سیستمی چركه، چونكه هاوڵاتی هه‌یه سیمكارتی چوار سه‌نتی له‌بازاڕدا به بڕه‌پاره‌یه‌كی گران كڕیوه هاوڵاتی هه‌یه دوو هه‌زار دۆلار تا نزیكی سێ هه‌زار دۆلاری داوه به كڕینی ته‌نها سیمكارتێك، ئایا كۆمپانیاكه‌ی به‌ڕێزتان چاوتان له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و كه‌سانه ده‌بێت كه هه‌ڵگری سیمكارتی چوار سه‌نتین؟
- هه‌ركه‌سێك سه‌ربه‌سته له‌وه‌ی سیمكارتێك ده‌كڕێت به 10 هه‌زار دۆلار یان زیاتر ئه‌وه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه، به‌پێی ئه‌م سیستمه نوێیه ئه‌و سیمكارتانه‌ش ده‌بن به چركه و نرخی هه‌ر چركه‌یه‌ك ته‌نها یه‌ك دینار ده‌بێت.
• له‌ئێستادا ژماره‌ی سیمكارته چوارسه‌نتیه‌كانی ئاسیاسێڵ له سنووری چه‌نده؟ ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كات سیمكارته چوارسه‌نتیه‌كان ته‌نها (60) هه‌زار سیم‌كارت ده‌بێت، ئایا ئه‌مه ڕاسته؟ ئه‌گه‌ر ڕاست نییه ئه‌ی ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌یان له سنووری چه‌نده؟
- ژماره‌یان ته‌نها 67 هه‌زار سیمكارته.
• ئێوه كێشه‌یه‌كتان هه‌بوو له دادگادا ئایا چاره‌نووسی ئه‌و دۆسیه‌یه به‌كوێ گه‌یشتووه؟
- ئه‌وه‌ی ئێمه ته‌نها له دادگا هه‌مانبووبێت ته‌نها كه‌یسی گۆڕینی سیستمی ده‌قه بووه بۆ چركه، كه ئێمه پێمان باشبوو هه‌ردوو سیستمه‌كه بمێنێته‌وه، هیچ كێشه‌یه‌كی ترمان نییه له دادگا.
ئا: زانا ئه‌حمه‌د
س: خه ندان
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق