2011-09-14

به‌سه‌رچووه‌ سه‌رده‌می‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌



یه‌كێك له‌و ئه‌ندازیارانه‌ی‌ كه‌ دیزاینی‌ نموونه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ ئامێری‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سییان كردووه‌ واته‌ (pc) ده‌ڵێ‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌و جۆره‌ ئامێرانه‌ به‌سه‌رچووه‌ و چاره‌نووسه‌كه‌ی‌ به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌ڕوات وه‌ك چه‌شنی‌ ئامێره‌كانی‌ چاپ و كاسێته‌كانی‌ مۆسیقای‌ كلاسیكی‌ و چه‌ندین داهێنانی‌ كۆنی‌ تر.

ئه‌و لێدوانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێتدا هاتبوو له‌ ئاهه‌نگی‌ یادی‌ 30 ساڵه‌ی‌ دروستكردنی‌ یه‌كه‌م كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ (ئای‌ بی‌ ئێم)ی‌ ئه‌مریكی‌ سازكرابوو. هه‌ر له‌و لێدوانه‌یه‌دا د.مارك دین ده‌ڵێ‌ ئامێری‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌ چیتر له‌ پێشه‌وه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ كۆمپیوته‌ر و كه‌رتی‌ ده‌وروبه‌ری‌ نابێت و ئه‌و شاره‌زا ئه‌مریكییه‌ ده‌ڵێ‌ دیاره‌ هیچ ئامێرێكی‌ دیاریكراو نییه‌ بتوانێ‌ شوێنی‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌ بگرێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ چه‌ند سیستمێك له‌ ئافراندن و داهێنانه‌كان گۆڕدراوه‌ كه‌ سروشتێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌ كه‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌ ڕۆڵی‌ له‌ ده‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنیاندا هه‌بووه‌ و ده‌ڵێ‌ زانراوه‌ كه‌وا كۆمپانیای‌ ئای‌ بی‌ ئێم یه‌كه‌م لایه‌ن نه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی‌ یه‌كه‌م ئامێری‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سیدا، به‌ڵام دروستكردنی‌ ئامێره‌ ناسراوه‌كه‌ی‌ به‌ ژماره‌ 5150 له‌ 12/8/1981 پێوانه‌یه‌كی‌ نموونه‌یی‌ و یه‌كه‌م دیزاینی‌ دانا. كه‌ دواتر سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌ له‌سه‌ری‌ دیزاینكران. بۆیه‌ د.دین ده‌ڵێ‌ كاتێك كه‌ به‌شداری‌ دیزاین و دانانی‌ یه‌كه‌مین كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سیم كرد. هه‌رگیز به‌ خه‌یاڵمدا نه‌ده‌هات تا ئه‌و كاته‌ بژیم و ببمه‌ گه‌واهیده‌رێك له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌كردنی‌ گرنگییه‌كه‌ی‌ و له‌ناوچوونی‌.

شایانی‌ باسه‌ كه‌وا د.دین كه‌ ئه‌ندازیاری‌ دیزاینكار بووه‌ له‌ كۆمپانیای‌ ناوبراو له‌ كۆی‌ نۆ داهێنانی‌ گه‌وره‌دا كه‌ بوونه‌هۆی‌ دیزاینكردن و دروستكردنی‌ ئامێری‌ 5150 خاوه‌نی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ سێ‌ داهێنانه‌. له‌گه‌ڵ تیمێك له‌ ئه‌ندازیارانی‌ تردا كاری‌ كردووه‌ تاوه‌كو په‌ره‌یان به‌ بیرۆكه‌كه‌دا و كۆمپیوته‌ره‌كه‌ له‌دایكبوو. ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ئه‌مریكییه‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌و به‌ڕاستی به‌ره‌و ئایینده‌ هه‌نگاوده‌نێ‌ و واته‌ به‌ره‌و قۆناغی‌ دوای‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌. ئه‌و ئامێره‌ سه‌ره‌كییه‌ی‌ كه‌ ئێستا متمانه‌شی‌ له‌سه‌ر ده‌كات ئامێرێكی‌ كۆمپیوته‌ری‌ تابلۆییه‌. ناوبراو نكوڵی‌ له‌و ڕاستییه‌ش ناكات كه‌وا ئامێره‌كانی‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام له‌ بازنه‌ی‌ كاركردنه‌كانی‌ ئایینده‌دا ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام وه‌كو جاران به‌و هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌ نامێننه‌وه‌ له‌ بزاڤی‌ ئافراندن و داهێنانه‌كانی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازییه‌ زیره‌كه‌كاندا و ناوبراو ده‌ڵێ‌ جێگره‌وه‌ی خۆی‌ له‌و كارلێككردنه‌دا ده‌نوێنێ‌ كه‌ ئامێره‌كانی‌ كۆمپیوته‌ر به‌رپای‌ ده‌كه‌ن، واته‌ ئامێره‌كه‌ ئه‌و هێزه‌ پاڵنه‌ره‌ی‌ پشت هه‌موو چاكسازییه‌كی‌ به‌رچاوه‌ له‌ ئاستی‌ چالاكییه‌كانی‌ بواره‌كانی‌ كاركردندا، له‌ پاڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵگاكان به‌ خۆیانه‌وه‌ی‌ ده‌بینن، ناوبراو له‌ تۆمارگه‌كه‌یدا نووسیوێتی و ده‌ڵێ‌ هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ كه‌وا دیارده‌ی‌ ئافراندن و داهێنان هه‌ر ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای‌ بوونی‌ ئامێره‌كاندا گه‌شه‌ ناكات و پێشناكه‌وێ‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌و فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی‌ كه‌ له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك بیروڕاكان ده‌گۆڕنه‌وه‌ و به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و كار له‌ یه‌كتری‌ ده‌كه‌ن.

له‌و فه‌زایه‌شدا به‌ دیاریكراوی‌ كۆمپیوته‌ر كاریگه‌رییه‌كی‌ به‌هێز و گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر ئابووری‌ و كۆمه‌ڵگا و ژیانی‌ خه‌ڵكدا ده‌بێ‌، شایانی‌ باسه‌ كۆمپانیای‌ مایكرۆسۆفت ئاهه‌نگه‌كه‌ی‌ به‌كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و تۆمارگه‌یه‌دا گێڕابوو كه‌ تیایدا باس له‌و گۆڕانكاریانه‌كرابوو كه‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌م نموونه‌ی‌ ئامێری‌ 5150دا هاتبوو، هه‌ر له‌و تۆمارگه‌یه‌دا فرانك شو له‌ كۆمپانیای‌ مایكرۆسۆفت ده‌ڵێ‌ ئایینده‌ی‌ داهاتوو ده‌بێته‌ سه‌رده‌می‌ ئامێری‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌، به‌ڵام به‌ ستایل و شێوازی‌ جیاوازه‌وه‌.

 به‌تابیه‌تی‌ كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێ‌ ڕاده‌ی‌ فرۆشتنی‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌ له‌ ساڵی‌ 2011 بگاته‌ زیاتر له‌ 400 ملیۆن كۆمپیوته‌ر و شۆ ده‌ڵێ‌ به‌كارهێنانی‌ كۆمپیوته‌ری‌ كه‌سی‌ له‌ به‌كارهێنانه‌ ئاساییه‌كانی‌ تێپه‌ڕاندووه‌ و بووه‌ته‌ سه‌نته‌رێك بۆ یاری‌ و كات به‌سه‌ربردن و ئامێرێكی‌ پشتیوان بۆ مۆبایل و چه‌ندین به‌كارهێنانی‌ جیا جیای‌ دیكه‌. له‌دواییدا شۆ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ی‌ كردووه‌ چه‌ندین ملیار خه‌ڵكی‌ تر بێنه‌ ناو فه‌زای‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ و به‌مه‌ش سوود له‌ سیما جۆراوجۆره‌كانی‌ ئه‌و ئامێره‌ وه‌رده‌گرن و زیاتر له‌ جیهانی‌ كۆمپیوته‌ر نزیك ده‌كه‌ونه‌وه‌، به‌ڕای‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌رده‌می‌ كۆمپیوته‌ره‌ نه‌وه‌ك كۆتاییه‌كه‌ی‌.





ئا: طاهر عوسمان
س: خه ندان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق