2011-09-14

داهاتووی SMS بۆ كوێ‌؟



خزمه‌تگوزاری كورته‌نامه‌ (Short Message Service ) یه‌كێكه‌ له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌كارهێنه‌رێكی‌ زۆری هه‌یه‌ و و زیاتر له‌ 2.5 ملیار كه‌س له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان به‌كاریده‌هێنن بۆ ڕاییكردنی‌ كاره‌كانیان، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ 75%ی‌ دانیشتووانی‌ جیهان كه‌ هه‌ڵگری مۆبایلن.

 ده‌بێت چی‌ وا له‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ بكات كه‌ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ به‌كاربهێنن؟ ئایا پێده‌چێت ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ تا كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و به‌كارهێنه‌رێكی‌ زۆری‌ هه‌بێت؟ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا كۆمه‌ڵێكی‌ زۆر به‌ وێبسایتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ دروستبوون كه‌ توانیان جێگای‌ نامه‌ی مۆبایل بگرنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش به‌هه‌مان مه‌به‌ستی‌ پێكه‌وه‌به‌ستنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌كاردێن.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ تویته‌ر دروستبوو پاشان فه‌یسبووك دواتر گوگڵ‌ پڵه‌س كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ناودارترین وێب سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره‌ ئه‌م تۆڕانه‌ ده‌توانن شكست به‌ خزمه‌تگوزاری كورته‌نامه‌ بهێنن؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ڕای كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك وه‌رده‌گرین سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ سه‌ره‌تا ده‌چینه‌ لای ئاری عه‌زیز كه‌ خوێندكاری زانكۆیه‌، ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی‌: "پێموایه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ داهاتوودا ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ له‌ناوده‌چێت، چونكه‌ له‌ ئێستادا تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ پێشكه‌وتندان و ده‌توانن جێگای بگرنه‌وه‌ و به‌زیادیشه‌وه‌، به‌ به‌ركاهێنانی‌ فه‌یسبووك ده‌توانین به‌ته‌نها سه‌ردانیكردنێك ئاگاداری هه‌موو كاره‌كانی‌ هاوڕێكانت بیت ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نها نامه‌یه‌ك بته‌وێت زۆرێك له‌هاوڕێكانت به‌سه‌ربكه‌یته‌وه‌ ئه‌وا بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆرت لێده‌ڕوات.
وتیشی‌: "له‌ ئێستادا به‌هۆی بوونی‌ خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت كه‌ له‌لایه‌ن هێڵه‌كانی‌ په‌یوه‌ندیكردنه‌وه‌ دابینده‌كرێت، ده‌توانرێت له‌هه‌ر جێگایه‌ك بیت ده‌ستت به‌ئینته‌رنێت بگات و پێویست به‌وه‌ ناكات به‌ كورته‌نامه‌یه‌ك ئاگاداری كه‌سه‌ نزیكه‌كانت بیت".

تریفه‌ محه‌مه‌د هه‌مان بۆچوونی‌ ئاری هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ نه‌مان یاخود لاوازبوونی‌ كورته‌نامه‌ و وتی‌: "قسه‌كردن به‌هۆی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ خۆشتر و ئاسانتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی كه‌ به‌نامه‌ قسه‌ بكه‌یت له‌به‌رئه‌وه‌ی قسه‌كردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕاسته‌وخۆ وه‌رده‌گریت و پێویست ناكات وه‌كو نامه‌یه‌كی‌ مۆبایل ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕێ‌ بكه‌یت تا وه‌ڵامه‌كه‌ت پێده‌گاته‌وه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا زۆر نامه‌ناردن و قسه‌كردن به‌ نامه‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر لایه‌نی‌ ئابووری كه‌سه‌كه‌، به‌ڵام تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یاخود به‌كارهێنانی‌ ئینته‌رنێت به‌ دڵی‌ خۆت قسه‌ده‌كه‌یت و دواتر مانگانه‌ پاره‌ ده‌ده‌یت".

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌دا پێشه‌وا كه‌مال وتی‌: "ڕاسته‌ زیادبوونی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كارده‌كاته‌ سه‌ر لاوازبوونی‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌كورته‌نامه‌وه‌، به‌ڵام كورته‌نامه‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ و خه‌سڵه‌ت و چێژی‌ خۆی هه‌یه‌ هه‌روه‌ك چۆن زیادبوونی‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی چاپكراو چێژێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ وه‌ك له‌ خوێندنه‌وه‌ به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌هه‌مان شێوه‌ش كورته‌نامه‌ به‌و شێوه‌یه‌یه‌".

له‌ ئێستادا ده‌بینین تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر به‌رچاو له‌زیادبووندایه‌، وه‌كو ده‌ڵێن پێده‌چێت جێ‌ به‌ نامه‌ی مۆبایل لێژ بكات ئه‌مه‌ وته‌ی لاره‌ شه‌ریفه‌، وتیشی‌: "له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم كه‌ ئه‌و تۆڕانه‌ جێگا به‌ نامه‌ لێژ بكات و لاوازی بكات، چونكه‌ به‌كارهێنانی‌ كورته‌نامه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێكی‌ ئاسایی گونجاوه‌ و كارێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ قورس نییه‌، به‌ڵام به‌كارهێنانی‌ تۆڕێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وه‌كو فه‌یسبووك هه‌موو جار واپێویست ده‌كات كه‌ ئه‌كاونته‌كه‌ی خۆت بكه‌یته‌وه‌ ئه‌وكات ئاگاداری كاره‌كانی هاوڕێكانت بیت و قسه‌یان له‌گه‌ڵ‌ بكه‌یت".
دواتر وتی‌: "به‌هۆی زیادبوونی‌ دیارده‌ی هاككردنه‌وه‌ ترسێكی‌ زۆر له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ هاكبكرێت، قسه‌كه‌ له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ هه‌ر كێیه‌ك بێت، چونكه‌ هه‌موومان ئامانجین بۆ هاككردن له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و هاككه‌رانه‌ ته‌نها وه‌كو حه‌زێك ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی نادڵنیایی لای به‌ركاهێنه‌رانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان".

له‌كۆتاییدا بۆ زیاتر سه‌لماندنی‌ له‌ناوچوونی‌ خزمه‌تگوزاری كورته‌نامه‌ پشت ده‌به‌ستین به‌ ڕاپۆرتێكی‌ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكی‌ Pewinternet  كه‌ بۆ ساڵی‌ 2010 بۆ 2011 ئه‌نجامدراوه‌ له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت سه‌ره‌ڕای گه‌شه‌سه‌ندنی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كارهێنه‌رانی‌ كورته‌نامه‌ كه‌می‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیادیكردووه‌ وه‌كو له‌م ڕێژانه‌دا دیاره‌:
72% ئاڵوگۆڕی‌ كورته‌نامه‌ كراوه‌ له‌ ساڵی‌ 2010 به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ ساڵی‌ 2011 كه‌ 65%ه‌.
34% ئاڵوگۆڕی‌ نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی (ئیمه‌یڵ‌)یان كردووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ ساڵی‌ 2011 كه‌ 20%ه‌.



ئا: بڕوا عوسمان
س: خه ندان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق